سەیرترین هەڵبژاردن لە گوندێکی ئیتاڵیا بەڕێوە دەچێت
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، یەکێک لە سەیرترین هەڵبژاردنەکانی جیهان لە یەکێک لە بچووکترین گوندەکانی ئیتاڵیا بەڕێوە دەچێت، ئەویش ئینگریایە لە نزیک شاری تۆرینۆ لە باکووری ئیتاڵیا و تەنها 46 کەس تێیدا نیشتەجێن بە گشتی 30 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکە کاندیدا کردووە، واتە زیاتر لە دوو لەسەر سێی دانیشتووانەکەی.
سەرەڕای ئەوە ئیگۆر دی سانتیس، سەرۆکی شارەوانیی ئینگریا، ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی سەخت لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان دەبێتەوە کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە هەوڵ دەدات بۆ چوارەم جار ئەو پۆستە بەدەست بهێنێتەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "گاردیان"، هەڵبژاردنەکانی گوندەکە بنەمایەکی خێزانیی هەیە، چونکە دایکی دی سانتیس چووە پاڵ ڕکابەرەکەی ڕێناتۆ پۆلیتۆ، کە باپیرەی دی سانتیسە و بۆ ماوەی 30 ساڵ سەرۆک شارەوانیی گوندەکە بووە،
دی سانتیس دەڵێت: داوام لە دایکم کرد لە لیستەکەی من بەشدار بێت، بەڵام دوای ئەوەی بینی لیستەکەی پۆلیتۆ زۆرینەیان ئافرەتن، بڕیاریدا پەیوەندی بە لیستەکەی ئەوەوە بکات، هەموویان خۆبەخشن و کاری زۆریان بۆ گوندەکە کردووە.
ئینگریا، دەکەوێتە دۆڵی سوانا کە بە چیا دەورە دراوە، لە ئەنجامی خراپی خزمەتگوزارییەکان و ئاستەنگەکانی بەفر لە وەرزی زستاندا ڕووبەڕووی کێشەی کۆچی دانیشتووان دەبێتەوە. هەروەها ئینگریا لە ساڵی 2022، لە ڕیزبەندی جوانترین گوندەکانی ئیتاڵیادا بووە