800 تۆن کەرەستەی پاککەرەوە لەنێو کارگە و کۆگایەکی هەولێر دەستی بەسەرداگیرا
بەشی ئابووریی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بە هاوئاهەنگیی لە گەڵ قائیمقامیەتەکانی قوشتەپە و هەولێر، دەستیان بە سەر زیاتر لە 800 تۆن کەرەستەی پاککەرەوە لە نێو کۆگایەک و کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئەوکەرەستەیەدا گرت .
لێژنەی چاودێریی بازاڕ و تەندروستیی ئاماژەیان بە لایەنی مەترسیداری ئەو کەرەستانە کرد و باسی ئەوەشیان کرد ، کۆگاکە مۆڵەتی نەبووە، بەڵام کارگەکە سەرەڕای ئەوەی مۆڵەتی هەیە بە ڵام بە هۆی پابەند نەبوونی بە یاساکانی تەندروستیی داخراوە.
سەدان تۆن لە کەرەستەی پاککەرەوە ، بێ رەچاوکردنی مەرجەکانی تەندروستیی ، لە بەر تیشکی خۆر و لە حەوشەیەکی گەورە دانراوە ، بە گوێرەی لێژنەکانی قائیمقامیەتی هەولێر، کەرەستەکان ساڵێکە بەرهەم هاتوون بەڵام شێوازی هەڵگرتنییان مەترسیدارە.
مەسعود مستەفا، کارگێڕی لێژنەی پشکنین و چاودێری بازاڕ بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، کارگەکە لە پانتایەکی گەورە کاری بەرهەمهێنانی چەندین جۆری مادەی پاککەرەوە لە هەولێر دەکات، بە گوتەی چاودێر و بەرپرسی کارگەکان لە بەڕێوبەرایەتی تەندروستیی، ئەگەرچی ئەم کارگەیە بە پێی ستاندارە نێودەوڵەتییەکانە و مۆڵەتی هەیە، بەڵام بە هۆکاری لادان لە مەرجەکانیی تەندروستیی داخراوە.