فەخری کەریم: باسی گەندەڵیم بۆ سیستانی کرد، ئەویش پێشنیارێکی سەیری بۆ کردم

بەشی دووەم
لە عێراقی دوای سەدام حوسێن سەرۆکی ڕژێمی پێشووی عێراق، دەسەڵاتە بەرفراوانەکان گواسترانەوە بۆ سەرۆکوەزیران، هاوسەنگی هێز مەرجی ئەوەی داناوە کە سەرۆکوەزیران شیعە بێت، سەرۆککۆمار کورد بێت، سەرۆکی پەرلەمانیش سوننە بێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی چیرۆکی پێکهاتەکان لەسەر حیسابی دامەزراوەکان ڕەگ و ڕیشەی داکوتا.
هەوڵەکان بۆ پێشێلکردنی ئەم داب و نەریتە سەرکەوتوو نەبوون، تەنانەت کاتێک باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا و جۆ بایدنی جێگری، هەوڵیاندا پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ ئەیاد عەلاوی بێت کە زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو، بۆ دڵنیابوون لە مانەوەی نوری مالیکی کە پشتیوانی واشنتۆن و تارانی هەبوو.
عەرەب لە مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی عێراق دواکەوت، ئێرانیش پەلەى کرد بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییەی کە دروست بووە، پاڵپشتی ئەنجوومەنی حوکمڕانی دەکرد کە ئەمەریکییەکان لەپشتیەوە بوون و کاریان دەکرد بۆ کۆکردنەوەی هێزە شیعەکان و هاندانیان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا.
فەخری کەریم، ڕاوێژکاری باڵای جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" گوتی: ئێران وەک وڵاتێک مامەڵەی کرد، هەروەها بۆشایی لە وڵاتێکی دراوسێدا دۆزیەوە و هەوڵی پڕکردنەوە و چەسپاندنی ڕۆڵی خۆی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دا. بەم شێوەیە قاسم سولەیمانی بووە یاریزانێکی سەرەکی لەسەر شانۆی عێراق، ڕۆڵی لە چاودێریکردنی کەمبوونەوەی سەربازانی ئەمەریکا هەبوو تا دەگاتە پێکهێنانی حکوومەت.
فەخری کەریم دەشڵێت: "قاسم سولەیمانی هەوڵی دەدا بە دڵسۆزیەوە خزمەتی وڵاتەکەی و بەرژەوەندییەکانی بکات و دەبوو لایەنی بەرامبەر بەرگری لە ڕۆڵ و بەرژەوەندییەکانی بکردایە". ئاماژەی بەوەش کردووە، قاسم سولەیمانی کاریگەر بووە و هەوڵیداوە متمانەی ئەو کەسانە بەدەست بهێنێت کە چاوی پێی کەوتووە و توانیویەتی لە نەرمییەکی تەواوەوە ببێتە توندڕەوێکی تەواو"، هەروەک لە نامەکەدا کە ئاراستەی تاڵەبانی کردووە، کاتێک تاڵەبانی بڕیاریدابوو بەردەوام بێت لەسەر پێشنیازی لێسەندنەوەی متمانە لە حکوومەتەکەی مالیکی.
تاڵەبانی چەند ئەرکێکی گرنگی بە ڕاوێژکارە گەورەکانی بۆ ئێران ڕاسپارد، کە لە بارەی پێکهێنانی حکوومەتەکانی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بوو. ڕۆژێک عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەداری عێراقی، لە ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق، سەردانی تارانی کرد، ئەویش دوای گەڕانەوەی بە تاڵەبانی و کەریمی گوت: "ئەوەی سولەیمانی سەبارەت بە پشتیوانیکردنی ئێران لە نووری مالیکی بۆ سەرۆکوەزیران دەیڵێت، ڕاست نییە، چونکە ئاگادار کرامەوە کە عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران پشتگیریم دەکات".
تاڵەبانی هەستی بە شەرمەزاری دەکرد، سەرەڕای ئەوەی لە عادل عەبدولمەهدی دوور نەبوو. داوای لە کەریم کرد سەردانی تاران بکات، بۆیە سەردانی کرد و بە ئامادەبوونی ئەبومەهدی موهەندیس چاوی بە سولەیمانی کەوت، قاسم سولەیمانی قسەکانی عادل عەبدولمەهدی ڕەتکردەوە و بە کەریمی گوتووە، دەتوانم بتبەم بۆ لای ڕێبەر بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کەسی گوێبیستی ببیت، کەریم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کێشەکەی تر ئەوەیە کە "ئەنجوومەنی باڵا" پشتیوانی مالیکی ناکات و هەڵوێستی موقتەدا سەدریش کە خەریکە توندتر دەبێت، سولەیمانی لە وەڵامدا گوتی: کە ئەوان لە پەیوەندیدان لەگەڵ موقتەدا سەدر و بەردەوام دەبن لە پەیوەندیی لەگەڵیدا، گوتیشی: "سەبارەت بە چیرۆکی ئەنجوومەنی باڵا ئەوە بۆ ئێمە جێبهێڵن و ئێمە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین".
نێردەکەی عێراق پرسیاری کرد، بەڵام سولەیمانی تەنیا گوتی: کاتێک دەگەڕێیتەوە بەغدا، بۆت دەردەکەوێت کە ئەنجوومەنەکە گۆڕاوە، کاتێک کەریم گەڕایەوە و لەگەڵ تاڵەبانی و بارزانی کۆبووەوە، ئاگادارکرایەوە کە "ڕێکخراوی بەدر" بە سەرۆکایەتی هادی عامری، "ئەنجوومەنی باڵا"ی بەجێ هێشتووە و پەیوەندی بە مالیکییەوە کردووە، بەم شێوەیە هاوسەنگی گۆڕانی بەسەردا هات و ئەنجوومەن نەیتوانی چیتر ڕێگری لە پێکهێنانی حکوومەت بکات.

فەخری کەریم باسی لەوەش کرد، ئێران لە سەرەتادا پاڵپشتی ئیبراهیم جەعفەری کردووە وەک سەرۆکوەزیران لە ساڵی 2005 تا 2006، بەڵام جەعفەری هەر زوو بوو بە بارگرانی لەسەر ئەو پرۆسەی سیاسیەی کە لە سەرەتایی دا بوو. دەسەڵاتی شیعە پەیامی ناردووە کە گوزارشت لە باوەڕی خۆی دەکات لە پێویستی گۆڕانکاری، هەروەها زەڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی ئەمەریکا ئامۆژگاری جەعفەری کرد دەست لەکار بکێشێتەوە، بەڵام وەڵامی نەدایەوە، دواتر چووە لای و بە ڕاشکاوی هەڕەشەی لێکرد و گوتی: ئەگەر نەیێتە دەرەوە ڕووبەڕووت دەبینەوە. بڕۆ دەرەوە، ئەگەر بە پێچەوانەی ویستی خۆشتەوە بێت".
کەریم ڕاشیگەیاند، لەو کاتەدا ناوی مالیکی لەسەر مێزەکە نەبووە و ئەو ناوەی کە هاتە پێشەوە عەلی ئەدیب بووە لە "حزبی دەعوە" کە مالیکی سەر بەو حزبەیە، مالیکی پێی خۆش نەبوو ڕێگەی ئەدیب بگرێتە بەر کە سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە حزبی دەعوە دووەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، ئەدیب ئامادەنەبوو، ناوی مالیکی خرایە ڕوو و سەرکردایەتی پشتگیریان لێکرد.
نانی بەیانی لەگەڵ قاسم سولەیمانی
فەخری کەریم لە کاتی نانی بەیانیدا لەگەڵ سولەیمانی بە ئامادەبوونی ئەبومەهدی موهەندیس کۆبووەوە و گوتی: باسم لە ڕەفتاری مالیکی و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە خولی دووەم کرد. وەڵامی دامەوە و گوتی: با تەواو بین، من و تۆ دەتوانین تا بەیانی لەسەر دەرکەوتەکانی گەندەڵی قسە بکەین، دەرفەتێکم پێ بدە و بەڵێن دەدەم دوای دانیشتنی دووەم چارەسەری ئەم بابەتە بکەم، منیش لە وەڵامدا گوتم: دۆخەکە بەرگە ناگرێت، لێم پرسی: ئەگەر هەموو هێزەکان، موقتەدا سەدر و عێراقییە و حەکیم هاوڕان، کەواتە بۆ ناتوانین بیگۆڕین؟ گوتیشی: گۆڕانکاری و ڕاسپاردن لە هاوپەیمانی شیعە یەکلایی دەکرێتەوە. لە وەڵامدا گوتم: هاوپەیمانیی شیعە تەنها نیوەی هەیە، موقتەدا سەدر و عەمار حەکیم و ئەحمەد چەلەبی، ئەویش وەڵامی دایەوە و گوتی: ئەوەی لە هاوپەیمانی شیعەدا بمێنێتەوە ئەو کەسە بڕیار دەدات، گوتم: ئایا لەمەوە تێدەگەم کە ئەوە تۆیت؟ گوتی چۆن دەتەوێت وا بیر بکەوە.
هەڵەی موقتەدا سەدر
فەخری کەریم بەردەوام بوو لەقسەکانی و ئاماژەی بەوەشدا، لە عێراقی دوای سەدام حوسێن، یاریزانێکی سەرەکی و سەخت لە گۆڕەپانی سیاسیدا سەری هەڵداوە. ئەویش موقتەدا سەدرە، ڕەوتێکی جەماوەری فراوان کە هێزێکی چەکداری لەگەڵدا بوو، بۆیە مامەڵەکردن لەگەڵ موقتەدا سەدر بۆ هێزە سیاسییەکان و بەتایبەت شیعەکان ئاسان نەبوو، هەندێک هەندێک جار بە چەک فەرمانڕەوایی دەکرد. بەڕێوەبردنی ڕەوتی سەدر لە ناوەوە ئاسان نەبوو، بۆ ئێران و دەرەوەش زۆر ئاسان نەبوو، بە تایبەت کە ئەو پیاوە زۆرجار هاوپەیمان و نەیارەکانی سەرسام دەکات.
فەخری کەریم لەسەر بڕیاری سەدر بۆ جێهێشتنی گۆڕەپانی سیاسەت، گوتی: "لەگەڵ ڕێزم بۆی، بڕیارەکە بە هەڵەیەکی گەورە دەزانم کە عێراق باجەکەی داوە، دەرچوون ڕەوتی سەدر، پەرلەمانی چۆڵ کرد، چونکە هێزێکی کاریگەری شیعە بوو کە بتوانێت ئەو بڕیارانە پەکبخات کە لەگەڵ خواستە هاوبەشەکاندا ناگونجێت.
کاتێک یەک، دوو، سێ، یان پێنج نوێنەر دەست لەکار دەکێشنەوە، ئەمە دەتوانرێت قەرەبوو بکرێتەوە، بەڵام کاتێک گەورەترین کوتلە لە پەرلەمان دەکشێتەوە، ئەمە دۆخەکە دەگۆڕێت، تەنانەت ئەگەر کورسییەکان بە شێوازێک پڕبکرێنەوە کە لەسەر بنەمای دەقی کارپێکراو بێت، جێگرتنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەران بە کاندیدە دۆڕاوەکان شتێکی سەیر و پێکەنیناوی بوو، کەمینە خۆی گۆڕی بۆ زۆرینە. ئەمە کودەتایە لە دژی دەستوور و پڕۆسەی سیاسی.
جەختی کردەوە، کەمینەی پێشوو کودەتایەکیان دەستپێکرد کە تا ئێستاش بەردەوامە، ئەوان دەیانەوێت سوود لەم قۆناغە وەربگرن بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو پێکهاتانەی کە دەتوانن کۆنترۆڵی ڕەهای دۆخی عێراق بکەن، لێرەوە هەوڵی بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان و هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی سوننەش بە هەمان شێوە دەبینین.
گوتیشی: دەبێت گرنگی بە خودی پێکهاتەی شیعە بدەین. ئیرادەی بەشێکی زۆری شیعەکان دزرا، زیاتر لە سەدا 20ـی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا نەکردووە و بەشداربووان بەسەر لایەنە شیعەکاندا دابەشکراون، ئەمەش بەو مانایەیە کە گروپی دەسەڵاتدار کەمینەیەکی شیعەش بن، کە ناوچەکانیان وەک هەرێمەکانی تر بەدەست بێکاری و هەژاری و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن.
پێشنیارێکی سەرسوڕهێنەر لەلایەن سیستانییەوە

دەربارەی ڕۆڵی مەرجەعی شیعە، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، کە فەخری کەریم سێ جار چاوی پێی کەوتووە، گوتیشی: ئەو لە ڕووی سیاسییەوە بە مانا نەتەوەییەکەی عێراق لە پێشەوەی هەموو سەرکردە شیعەکان یان زۆرینەی ڕەهایە، من دەمەوێت لەسەر تێبینییەکی بنەڕەتی بوەستم کە بیرۆکەیەکتان پێبدات لەبارەی شێوازی بیرکردنەوەی سیستانی، باسی گەندەڵیم کرد، لەوانەش دەستکاریکردنی بەشەخۆراک، ئەویش شۆکی کردم بەوەی، بۆچی وەزیری بازرگانی پێشوو ناهێنیتە وەزارەتی بازرگانی چونکە دەزانرێت چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتەدا کردووە، یان بۆ وەزیرێکی مەسیحی ناهێنن؟ پێم گوت: چۆن؟ لە وەڵامدا گوتی: بۆنا گەر پاک و خاوێنە و خزمەتی عێراقییەکان بکات؟ بۆ نایهێنین؟ سیستانی ئاماژەی بە ئەزموونی وەزیر محەمەد مەهدی ساڵح دەکرد لە ساڵانی کۆتایی فەرمانڕەوایی سەدام کە بەرنامەی کارتی بەشەخۆراکی داهێنا، بۆ سیستانی سادە نەبوو بڵێت، "بۆچی وەزیرێکی سەردەمی پێشوو ناهێنیت، چونکە دڵنیا بوو لەوەی بەشەخۆراکەکە بە تەواوی دەگەیەنرێت؟".
دواتر چوومە لای، دوای ئەوەی نادادپەروەری و خراپ بەکارهێنان چەند هێندە زیاد بوو و گەندەڵی بەربڵاو بوو. پێم گوت خەڵک چاوەڕێی هەڵوێستی تۆ دەکەن. لە وەڵامدا گوتی: ڕۆڵی من وەک جاران نەماوە. من کاتێک دەستوور نەبوو و حکوومەت و ئۆرگانەکان نەبوو، دەستوەردانم دەکرد، بەڵام ئێستا دەستورێکی پەسەندکراو و سەرۆکایەتی و حکوومەتتان هەیە. ناتوانم دەستوەردان بکەم. من تەنها دەبێت بانگەواز و ڕێنمایی بکەم و ئەوانی دیکەش قبوڵی دەکەن یان نا.
پرسێکی تری گرنگ لە هەڵوێستی سیستانیدا هەیە، ئەویش باوەڕەکەیەتی کە عێراقی نوێ ناتوانرێت لەسەر بنەمای لاوازکردنی پێکهاتەکانی دیکە بنیات بنرێت، بەتایبەتی سوننە و کورد، ئەو دەیگوت دروست نییە چاوپۆشی لە پێکهاتەی سوننە یان هەر پێکهاتەیەکی تر بکرێت، "دەتوانم بڵێم ئەو داوای دەکرد کە پێکهاتەی سوننە هاوبەش بن و مافە تەواوەکانیان وەربگرن."
فەتوا لەسەر جیهادی حەشد
فەخری کەریم، پێی وایە سیستانی فەتوای "جیهادی"ی دەرکردووە، بۆ ئەوەی خەڵک کۆبکاتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکی گەورە، ئەویش "داعش"ـە. سروشتییە کە ئەرکەکە کۆتایی دێت کاتێک مەترسییەکە تێدەپەڕێت، باسی حەشد و هیچ ڕێکخراوێکی دیکەی نەکردووە، بەڵکو باسی خۆبەخشەکانی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد: زۆرێک وەڵامی بانگەوازەکەی سیستانییان دایەوە و هەندێکیان شانبەشانی هێزە چەکدارەکان و پێشمەرگە قوربانییەکی گەورەیان دا. خۆبەخشەکان بەشدارییان لە پرۆسەی ئازادکردنی ئەو زەویانەدا کرد کە ڕێکخراوەکە داگیری کردبوو.
هەروەها بیرۆکەی تێکەڵکردنی میلیشیاکان یان قەوارە سەربازییەکان لە هێزە چەکدارەکاندا شتێکی نوێ نییە، پۆڵ بریمەر حاکمی ئەمەریکا لە عێراق، لەژێر دروشمی تێکەڵبوون بە سوپا شتێکی لەم جۆرەی بۆ فراکسیۆن و ڕێکخراوەکان پێشنیار کرد و هەنگاوەکانیش لەو بارەوە جێبەجێ کرا، کەواتە مەبەست لێی دوورخستنەوەی ئەو مەترسییە بوو لە داعش، پێویست نەبوو سوپایەکی هاوشانی سوپای عێراق دروست بکرێت یان دامەزراوەیەکی دیکە دابمەزرێنن. بەڵام هەندێکیان ئەجێندای تایبەتیان هەیە و بە کردەیی ملکەچی فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان نین کە سەرۆکی حکوومەتە. ڕەنگە چارەسەر لە ڕێگەی پێکهێنانی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە بێت کە تێیدا هەموو بەشەکانی ئەو هێزانە بەشداربن و پابەندی فەرمانی فەرماندەیی گشتی بن.
سەختی کارەکانی سوودانی
سەبارەت بە سەرۆکوەزیرانی ئێستا، محەممەد شیاع سوودانی ئایا ئەرکی قورستر دەبێت؟ فەخری کەریم گوتی: بەڵێ ئەرکی سەرۆکوەزیرانی ئێستا قورستر دەبێت، ئەو ڕاشکاوانە، نیازێکی ئەرێنی هەیە و دەیەوێت ئەوەی لە توانایدایە لە بەرنامەی حکوومەتەوە بیکات، بەڵام ملکەچی فشارە. هەرکەسێک سەیری ئەو دابەزینە بکات کە کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق هەیە، هەست بە ڕادەی سەختییەکان دەکات. لە ڕاستیدا فەرمانڕەوای ڕاستەقینە ئەو هێزانەن کە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە پێکدەهێنن و حکوومەت ناتوانێت لەو ڕێگایە لابدات کە ئەم چوارچێوەیە دیاریی کردووە.
"چوارچێوەی هەماهەنگی" هێزی فەرمانڕەواییە، هەروەها یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کاتێک پرسیاری لەبارەی ڕۆڵی سەرۆکی حکوومەت لێکرا شتێکی زۆر ناخۆشی گوت و بەڕاشکاوی باسیکرد، کاتێک باس لە پرسە ستراتیژی و بنەڕەتیەکان دەکرێت، بۆ ئێمە سەرۆکی حکوومەت بەڕێوەبەرێکی گشتییە، سەبارەت بە ئیدارەی ڕۆژانەی دەوڵەت، ئەو سەرۆکوەزیرانە.
دەرچوونی گەورە بۆ سووریا
لە پێش کۆتایی مانگی 1978، سەرکردایەتی حزبی شیوعی عێراق فەخری کەریمی ڕاسپارد کە پلانێکی نهێنی ئامادە بکات بۆ دەرکردنی ژمارەیەک کادیری حزبی و بنەماڵەکانیان بەرەو سووریا و لوبنان بۆ ئەوەی دووریان بخاتەوە لەو پاکتاوکردنەی حزبت بەعس دژی حزب. هەروەها شاندێکی عێراقی بە سەرۆکایەتی نەعیم حەداد ئەندامی سەرکردایەتی بەعس بچنە دیمەشق و بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی عەرەبیدا بکەن، حزبی شیوعیش ناوی کەریمی لە نێو لیستی شاندەکە دانا بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکەن تاوەکو دەربچێت.
کەریم دەگێڕێتەوە: ئێمە گەیشتینە دیمەشق، ئامانجیشم چاوپێکەوتن بوو لەگەڵ سەرۆکی ئەوکاتی سووریا حافز ئەسەد، ڕووم کردە وەزیری ڕاگەیاندن ئەحمەد ئەسکەندەر، کە زۆر لە حافز ئەسەد نزیک بوو، لە کاتێکدا ئەسەد پێشوازی لە شاندی عێراقی دەکرد، دەرفەتێک هاتە پێشەوە، بۆیە ئەسکەندەر منی بردە لای. بە حافز ئەسەدم گوت، من باسەکەم کورت دەکەمەوە چونکە دۆخەکە ڕێگە بە درێژبوونەوە نادات. پێم گوت دەمێنمەوە، گوتی: "پەیوەندیتان لەگەڵ دەوڵەت لەگەڵ عەبدولحەلیم خەدامە، لەگەڵ حزب لەڕێگەی عەبدوڵڵای ئەحمەرەوە، لەگەڵ دەزگای هەواڵگری بەمەبەستی دابینکردنی چەک و وردەکاری دیکەتان لەگەڵ جەنەڕاڵ عەلی دوبایە. لە هەر کاتێکدا بەخێرهاتنتان دەکرێت و سووریاش لەبەردەستتاندایە".
بێگومان پرسی سووریا بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، چەک لە لیبیا و یەمەنی دیموکرات و مقاوەمەی فەڵەستینەوە بۆمان دەهات و لە خاکی سووریاوە بە ڕێگەی خابورەوە دەمانگواستەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
400 هەزار دۆلار لە حافز ئەسەد

فەخری کەریم لە بارەی پێدانی پارە لە حفز ئەسەدەوە گوتی: بۆ مێژوو دەڵێم سووریا لە باوەشی گرتین و هەموو پشتیوانییەکی بۆ دابین کردین. هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ سەرۆک ئەسەد قسەم کرد، سەبارەت بە نائاسایی هەڵوێستی حزبەکە و دۆخی ئەو حزبە و نیگەرانییەکەی بۆ سەربەخۆیی، ئەویش وەڵامی دایەوە و گوتی: "ئێوە لێرە ئازادن. هەرکەسێک هەوڵی ڕێگریکردن یان قسەکردن بدات بە زمانێکی تر، من لەوێم". ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەم یاسایە ڕێزی لێگیرا جگە لە یەک کات، کە ئێستا بە گونجاو نازانم باسی بکەم.
سووریا هەموو جۆرە پاڵپشتییەک، بۆ دەیان هەزار خێزان دابین کرد، ئەمە جگە لە هێڵی گواستنەوەی نێوان سووریا و کوردستان بۆ تێپەڕاندنی پێشمەرگە خۆبەخشەکان و سەرکردەکان و چەکەکان.
ڕۆژێک دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتانی سۆسیالیستی، حزب بە قەیرانێکی خنکێنەردا تێدەپەڕی. ئێمە لە سەردانێکدا بووین بۆ لای سەرۆک ئەسەد، بە یاوەری برام مەسعود بارزانی و بە بەشداری ئەمینداری گشتی پارتی سۆسیالیست. دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، داوام کرد بە تەنیا لەگەڵ ئەسەد قسە بکەم. تەسبێحەکەیم لێ وەرگرت، ئەویش گوتی: تەسبێحاتی پێ بکە و دواتر بمدەرەوە. پێم گوت: من تۆ دەناسم، گوتی: بەڵێ. گوتم: بەڵام بەداخەوە سێ جار بەڵێنت دا و بەجێت نەگەیاند. سەری سوڕما و گوتی: چی؟ گوتم: بارودۆخی ئێمە زۆر سەختە و پێویستمان بە پشتیوانیی هەیە. پێمان دەڵێیت بەڵێ، دواتر دەچین و کەیسەکە دەڕوات. پێکەنی و گوتی: "ان شاءاللە" جێبەجێ دەبێت. پێم گوت: ئەمجارە، لەگەڵتدا وەستاوم تا پێم دەڵێیت بچمە دەرەوە و فڵان کەس ببینە و 200 هەزار دۆلاری وەرگرە. دیسان پێکەنی و گوتی: دەبێت. پێم گوت: کێ چاوەڕێم دەکات؟ دای لە قاقای پێکەنین و گوتی: "ئەبو جیهاد" چاوەڕێی ئێوەیە "عەبدوڵڵا ئەحمەر یاریدەدەری سکرتێری گشتی حزبی بەعس"، مەسعود بارزانی لێی پرسیم چیم بە ئەسەد گوتووە، منیش پێم گوت، ئەوە بابەتی کەسییە. گوتی: کەسی چییە؟ تۆ تەسبێحی پیاوەکەت لێ سەندووە! گوتم خۆی لێمی وەرنەگرتەوە، من چی بکەم؟
چوومە ئۆفیس لە دیمەشق و پێیان گوتم نوسینگەی عەبدوڵڵا ئەحمەر چەند جارێک تەلەفۆنی کردووە. جارێکی تر تەلەفۆنی کرد و گوتی لە کوێیت؟ پێم گوت: ژمێریارەکەت دەنێرم بۆ ئەوەی پارەکە وەربگرێت و وا بوو.
دوای نزیکەی سێ مانگ جارێکی دیکە دۆخی دارایی حزب تێکچوو و ناچار بووین بڕە پارەیەک کۆبکەینەوە کە یەک ملیۆن دۆلار بوو بۆ دابینکردنی پێداویستییە بەپەلەکان، بەشێکمان لە باشووری یەمەن و بەشێکمان لە یاسر عەرەفات دەستکەوت، بەڵام ئەوە بەس نەبوو. چوومە لای عەبدولحەلیم خەدام و هیوای ئەوەم دەخواست کە پەیامێک بە سەرۆک ئەسەد بگەیەنێت، بۆیە پرسیاری ناوەڕۆکەکەی کرد. منیش وەڵامم دایەوە کە پێویستمان بە هاوکارییەکی دیکەیە، سەری سوڕما و گوتی: چ وەجبەیەک؟ پارەت لێ وەرگرتووە؟ من گوتم بەڵێ. پرسیاری لە بڕە پارەکە کرد و منیش گوتم 200 هەزار دۆلار. سەری سوڕما و گوتی: ئێمە وەریدەگرین، کەواتە تۆ چۆن لێمان وەربگریت؟ داواکەم دووبارە کردەوە کە پەیامەکە بگەیەنێتە سەرۆک. گوتی: من نایگەیەنم. گوتم: پێویستیەکی زۆرمان هەیە و تکایە بیگەیەنە دەستی. گوتی: چی پێی بڵێم؟ گوتم: پێی بڵێ ئێمە وەک جاری ڕابردوو پێویستی مان هەیە. سڵاوم پێ گوت و ئەگەر وەڵامی نەداتەوە پەیمانم لەگەڵیدا دەشکێنم. پرسیاری لەبارەی پەیمانەکەوە کرد، منیش وەڵامم دایەوە: جاری پێشوو پێی گوتم کە مەرجی داناوە کە کەس نابێ بزانێت. ئەگەر ئەمجارە ڕازی نەبێت، بەیاننامەیەک بڵاو دەکەمەوە و دەڵێم سەرۆک ئەسەد 200 هەزار دۆلاری پێداوین و بەهەمان شێوە بەڵێنی پێداوین، بەڵام جێبەجێی نەکرد. خەدام بۆ ماوەیەکی زۆر پێکەنی. ڕۆژی دواتر تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی: وەرە. 200 هەزار دۆلاری پێداین و گوتی: سەرۆک سڵاوتان لێدەکات، بەڵام تکایە شەرمەزارمان مەکەن.
پەیوەندی لەگەڵ قەزافی

سەبارەت بە هاوکارییەکانی لیبیا فەخری کەریم گوتی: ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە تاکە لایەنین کە تەنها هاوکارییەکی زۆر سادەمان لە لیبیا وەرگرتووە، جارێکی تریش لە بەیروت و لە ڕێگەی ئەبو عەمارەوە بڕێکی باش چەکمان دەستکەوت. کەشتییەکە چەکی بۆ ئێمە و ڕێکخراوەکانی دیکە لەوان حزبی شیوعی لوبنانی هەڵگرتبوو. هەڤاڵانمان تێبینیان کرد کە بەشێک لە چەکەکان واژۆی ئەبو فڵان و "ئەبو فڵان"ی چەکدارانی فەلەستینییان لەسەرە. بە هەڤاڵ "جۆرج حاوی" سکرتێری گشتی حزبی شیوعیم گوت و دەرکەوت کە ئەوانیش هەستیان بە هەمان شت کردووە. حاوی دەربڕینێکی کرد کە نامەوێت دووبارەی بکەمەوە. دواتر چیرۆکەکەم بۆ عەرەفات گێڕایەوە، ئەویش زەردەخەنەی کرد و گوتی: ئایا لەگەڵ ئێوەدا کردوویەتی؟
سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ لیبیا، دوای ئەوەی قەزافی و هاوەڵەکانی دەستبەکاربوون، من بانگهێشت کرام بۆ ئاهەنگێک و چووم. دوای ئەوە کۆبوونەوەکان دووبارە کرانەوە. ڕۆژێک بانگهێشتنامەیەکمان لە قەزافیەوە پێگەیشت. من و عەزیز محەممەد، سکرتێری یەکەمی حزب، چووین، چووینە ناو چادرەکە و بینیمان حاوی لەگەڵ عەقید دانیشتووە. قەزافی گوتی: ئەمجارە داوای شتێکی تایبەتم لێکردیت کە بۆ من و بۆ لیبیا بیکەیت. دۆستانی سۆڤیەت فشارمان لەسەرە بۆ ئەوەی قەرزەکانمان بدەینەوە. ئامادەیی خۆمان ڕاگەیاند، بەڵام بە بڕی نەوت، ڕازی بوون، بەڵام بەو مەرجەی نرخی نەوت بە پێی بازاڕی ڕەش حیساب بکەین و ئەمەش زیانێکی زۆرمان پێدەگەیەنێت. من دەمەوێت ئێوەی سێ کەس بە ناوی منەوە بچنە مۆسکۆ و داوا لە سۆڤیەت بکەن لەم مەرجە بمان بەخشن.
حاوی لە وەڵامدا گوتی: ئێمە هەنگاو دەنێین و ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکەین. مۆڵەتم لە هەڤاڵ عەزیز وەرگرت و گوتم: عەقیدی برام، لەگەڵ هەموو ڕێزێکی شایستە بۆ هەڤاڵ جۆرج، تۆ سەرۆکی وڵاتێکیت کە هەڵوێستت لە بەرەی خۆڕاگری و ڕووبەڕووبوونەوە هەیە و دۆستی یەکێتی سۆڤیەتی، ئەگەر بڕۆن، سەرکردایەتی سۆڤیەت ئاهەنگتان بۆ دەگێڕن و بێ گومان نیگەرانی و داواکارییەکانتان لەبەرچاو دەگرێت. ئێمە حزبی کۆمۆنیستی ئۆپۆزسیۆنین. دەتوانین داوای کۆبوونەوە لە بەرزترین بەرپرس بکەین، پاشان سەریان سوڕدەمێنێت ئەگەر عێراقی و لوبنانییەک بەناوی قەزافیەوە بێتە لایان. هەڵوێستی ئێوە ڕۆڵی دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا. بە کردەوە داوای لێبوردنمان کرد. دوای ئەوەی ڕۆیشتین، حاوی زۆر تووڕە بوو، منی بە توندی تاوانبار کرد و بە "تێکدەر" وەسفی کردم، و گوتی: "ئێمە هەوڵ دەدەین، هیچ کێشەیەک نییە ئەگەر شکست بهێنین".