ئەلێکس بالازس: بەبێ پێشمەرگە تێکشکاندنی داعش ئەستەم بوو

K24 – هەولێر:
بەربژێرێک بۆ گۆنگرێسی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، زۆرێک لە هاووڵاتییانی جیهان پێزانینیان بۆ ئازایەتی و ڕۆڵی پێشمەرگە هەیە، بۆیە پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین تا پێشمەرگە بەهێزتر بکەین.
ئەلێکس بالازس، بەربژێر بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا گوتی: یەکێک لە بەهێزترین هاوپەیمانی ئێمە لە ناوچەکەدا پیشمەرگە و خەڵکی کوردستان بوون و بە هاوکاری ئەوان توانرا داعش تێک بشکێنرێت.
ئاماژە بەوە دا، بەبێ پێشمەرگە نەدەتوانرا داعش تێک بشکێنرێت، پێویستە ئەمەریکا پشتیوانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات و بەردەوام هاوکاریی پێشمەرگە بکات.
هاوکات دەڵێت: ئێمە دەتوانین چەندین کار بکەین بۆ ئەوەی پشتیوانیی هاوپەیمانەکانمان بکەین، زۆرێک لە هاووڵاتییانی جیهان پێزانینیان بۆ ئازایەتی و ڕۆڵی پێشمەرگە هەیە، بۆیە پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین تا پێشمەرگە بەهێزتر بکەین.
لەبارەی پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، ئەلێکس بالازس گوتی: "وەک ئەمەریکا پێوستە ئاگاداری هاوپەیمانەکانمان بین و پشتیوانییان بکەین. ئەگەر وەک کاندیدی کۆنگرێس هەڵبژێردرێم، یەکێک لە ئامانجەکانم بەهێزکردنی هاوپەیمانەکانمان دەبێت. خەڵکی کوردستان شایەنی ئەمەن و پێویستە بە نزیکی بیانهێڵینەوە".