بەرنامەی باسی ڕۆژ پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان تاوتوێ دەکات

بەرنامەی باسی ڕۆژ پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان تاوتوێ دەکات
بەرنامەی باسی ڕۆژ پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان تاوتوێ دەکات

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی ناوه‌ندیی هاوبه‌شی هەماهەنگی و قەیرانەكانی لە وەزارەتی ناوخۆ، بەرپرسی لقی 17ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لەمیانەی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، پرسەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و داخستنی کەمپەکانیان تاوتوێ کرد.

لە دەستپێکدا، سروە ڕەسوول، بەڕێوەبەری گشتیی ناوه‌ندیی هاوبه‌شی هەماهەنگی و قەیرانەكانی لە وەزارەتی ناوخۆ، ڕایگەیاند، 10 ساڵ بەسەر هاتنی ئاوارەکان بۆ هەرێمی کوردستان تێپەڕ دەبێت و بەداخەوە دۆخەکە تا ئێستە هیچ نەگۆڕاوە، هیچ نییەتێکی ڕاستەقینە لە حکوومەت و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق نەبووە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان.

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە باسی لەوە کرد، لە ساڵی 2014 ئاوارەکان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی لە هەرێمەکەدا شوێنیان بۆ کرایەوە و ئەو کات پارێزگاکانی دیکەی عێراق ئامادەنەبوون وەریان بگرن.

هاوکات دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کات ڕێگر نەبووە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، بەڵام حکوومەت جەخت لە گەڕانەوەیان دەکاتەوە بە شێوازێکی ئارەزوومەندانە نەک بە زۆرەملێ.

سروە ڕەسوول، ئاماژەی بەوە دا، ملیۆنێك و 22 هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستانن، حکوومەتی عێراق لە پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان جیددی نییە. هاوکات گوتی: تا ئاواره‌یه‌ك لە هەرێمی کوردستان هه‌بێت كه‌مپه‌كان داناخه‌ین، لەکاتێکدا بەغدا دەیەوێت بە زۆرەملێ کەمپەکان دابخات.

لەلایەکی دیکەوە نازم هەركی، بەرپرسی لقی 17ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: دۆخی شنگال زۆر ئاڵۆزە و دانیشتووانەکەی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونە، هەرێمیش دەرگای خۆی بۆ سەرجەمیان واڵا کرد، 25 هەزار خێزانی ئاوارە لەناو کەمپەکان و 37 هەزار خێزانیش لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.

بەرپرسی لقی 17ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند، پارتی هیچ کاتێک ڕێگر نییە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، ئاوارەکان پێویستە بەوەیە ناوچەکانیان دۆخێکی ئارام سەقامگیریی هەبێت، تا ئەو سەقامگیرییە لە شنگال نەیەتە ئاراوە خەڵکەکەی ئامادە نین بگەڕێنەوە.

ناوبراو لەبارەی ڕێککەوتننامەی شنگال، دەڵێت: ئەو ڕێککەوتنە هەیە، بەڵام ئا ئێستە جێبەجێ نەکراوە، جێگرەوەش بۆ ڕێککەوتنەکە نییە.

هاوکات گوتیشی: دەسەڵاتێکی سەربازی لە شنگال هەیە، ناوچەکە سەقامگیر نییە، ڕۆژانە بەبەرچاوی  حکوومەتی عێراقەوە  خەڵک دەڕفێندرێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئەحمەد كەنعان، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند، دۆخی شنگال سەقامگیر نییە و تا ئێستە هیچ پرۆژەیەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان نییە.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، حکوومەتی فیدراڵی بەرپرسە لە نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، تا ئێستە وەزارەت کۆچ و کۆچبەرانیش لەسەر بەڵێنەکانی خۆی نەبووە.

لەبارەی هەماهەنگییان لەگەڵ یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەحمەد کەنعان، ڕوونی کردەوە، یه‌كێتی و ڕه‌یان كلدانی له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا هاوپه‌یمانن، "ئێمە وەک پارتی لەگەڵ ئەو لایەنانە هاوپەیمانی نابەستین کە دژی بەرژەوەندییەکانی کوردن".

هەروەها ئه‌حمه‌د دووبه‌ردانی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق ڕاستگۆ نییە لەگەڵ ئاوارەکان، هەروەها پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان به‌ سیاسی كراوه.

هاوکات ڕاشیگەیاند، شیعەکان نایانەوێت کورد و ئێزدییەکان بگەڕێنەوە بۆ شنگال، هەروەها گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە کاری نایاسایی دەکەن لەوانە قاچاخچییەتی چەک.

باسی لەوەش کرد، گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە لە شنگال باڵادەستن و حوکمی ناوچەکە دەکەن. ناوبراو گوتی: تا ڕێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ نەکرێت و ئارامی و سەقامگیری بۆ شنگال نەگەڕێتەوە، خەڵکەکەی ئامادە نین بۆی بگەڕێنەوە.