فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵڵا کوژرا

سێ سەرچاوەی ئەمنی سەلماندیان لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیلی بۆ سەر گوندی جۆیا لە باشووری لوبنان، لانیکەم چوار کەس کوژراوە کە یەکێکیان فەرماندەیەکی باڵای گرووپی حزبوڵڵای لوبنانی بووە.

سەرچاوە ئەمنییەکان ڕایانگەیاند، ئیسرائیل هێرشێکی کردووەتە سەر گوندی جۆیا چوار کەس کوژراون کە یەکێکیان فەرماندەیەکی باڵای مەیدانی حزبوڵڵای لوبنانی بووە.

سەرچاوەکان، ئەو فەرماندەیان وەک سەرۆکی گرووپەکە ناساندووە، لە ناوەڕاستی ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان، کە بەشێک لەو شارۆچکانە دەگرێتەوە کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا.

لە لایەکی دیکەوە حزبوڵڵای لوبنانی کوژرانی تاڵیب سامی عەبدوڵڵای سەرکردە کە نازناوی "ئەبو تاڵیب"ـی پێدراوە، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا سەلماند.

ڕاشیگەیاند، ئەبو تاڵیب تەمەنی 55 ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی عەدشیت لە باشووری لوبنان.

ئەو سەرچاوە ئەمنییانە باسیان لەوەش کردووە، ڕۆڵی ئەبو تاڵیب کەمتر نییە لە ڕۆڵی ویسام ئەلتاویل، فەرماندەی باڵای حزبوڵڵای لوبنان کە لە مانگی یەکی ڕابووردو، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژرا.

لە مانگی ئۆکتۆبەری 2023، دوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 300 چەکداری حزبوڵڵا کوژراون، کە فەرماندە و ئەندامانی بەرپرسیاری سەرەکی تێدا بووە.