زۆزان كۆچه‌ر: له هه‌وڵداین كێشه‌ی جووتیارانی مه‌خموور چاره بكه‌ین

پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نم له مه‌خموور ده‌ستی پێ كردووه، به‌ڵام ئاسته‌نگ بۆ جووتیاران دروست ده‌كرێت؛ هاوكات ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ له په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات، له هه‌وڵدان بۆ چاره‌ی ئه‌و ئاسته‌نگ و كێشانه‌ی دێنه به‌رده‌م پرۆسه‌كه.
ڕۆژی پێنجشه‌ممه 13ـی حوزه‌یرانی 2024، زۆزان كۆچه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی كشتوكاڵ له په‌رله‌مانی عێراق تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی، هه‌وڵێكی زۆریان داوه چاره‌ی ئه‌و كێشه‌یه بكه‌ن كه بۆ جووتیاران دروست كرابوو له كاتی بردنی به‌رهه‌مه‌كانیان بۆ سایلۆی مه‌خموور و سایلۆی مووسڵ.
زۆزان كۆچه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له‌گه‌ڵ وه‌زیری بازرگانی عێراق بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ له‌سه‌ر هێڵ بوونه و وه‌كوو لیژنه‌ی كشتوكاڵ به پێویستیان زانیوه به زووترین كات كێشه‌كه چاره بكرێت.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌و بابه‌ته زیاتر په‌یوه‌ندی به هۆكاری سیاسییه‌وه هه‌یه. گوتیشی، وه‌زیری بازرگانی عێراق پێی گوتوون كه سایلۆكانی عێراق توانای وه‌رگرتنیان سنوورداره.
ڕوونیشی كرده‌وه، كه وه‌زیری بازرگانی عێراق پێی ڕاگه‌یاندوون، سایلۆی مه‌خموور توانای وه‌رگرتنی 180 هه‌زار تۆن گه‌نمی هه‌یه، به‌ڵام ڕێژه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی بۆ ئه‌و سایلۆیه ده‌چێت زۆر زیاتره.