ڕۆژانی جەژن کوشتارگەی هەولێر 12 کاتژمێر کراوە دەبێت

کوشتارگەی هەولێر
کوشتارگەی هەولێر

هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر ڕاگەیاند، لە هەر چوار ڕۆژەکەی جەژنی قوربان ستافی کوشتارگەی هەولێر بە قەساب و پزیشکانی ڤێترنەری ڕۆژانە 12 کاتژمێر پێشوازیی لە هاووڵاتییان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان دەکەن.

هەڵمەت هەمزە، بۆ کوردستان24 گوتی: ڕۆژانە لە هەر چوار ڕۆژەکەی جەژن کوشتارگەی هەولێر لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە تاوەکوو شەشی ئێوارە کراوەیە و پێشوازیی لەو هاووڵاتیی و ڕێکخراوانە دەکەن کە ئاژەڵ دەکەنە قوربانی.

گوتیشی: کوشتارگەی هەولێر لە هەشت کاتژمێری کارکردنی ڕۆژانی ئاسایی لە توانایدایە 200 سەر ئاژەڵی گەورە و دوو هەزار سەر ئاژەڵی بچووک سەر ببڕن، بەڵام بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی کوشتارگەکە بۆ 12 کاتژمێری کارکردن پێشبینی دەکەین بتوانین هەر ژمارەیەکی زۆری ئاژەڵ بهێنرێت، بیکەینە قوربانی.

هەروەها داوای لەو هاووڵاتییانە کرد، کە بۆ قوربانیکردنی سەردانی کوشتارگەی هەولێر دەکەن پابەندی ئەو ڕێنماییانە بن کە لە پرسگە پێیان دەدرێت، جا لە بەستی ماسک و دەستکێش و دروست نەکردنی قەرباڵغی، لە هەمانکاتدا هەماهەنگ بن لەگەڵ ستافی کوشتارگە بۆ ئەوەی لە کاتی گونجاو گۆشتی قوربانییەکانیان پێ بدرێتەوە.

سەبارەت بە جیاوازیی قوربانیکردن لە کوشتارگە و ماڵەکاندا، هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر گوتی: جیا لە لایەن تەندروستییەکە و پشکنینی ئاژەڵەکان و کوشتەکان، پاشماوەکانی قوربانی بەزانستیانە لەنێو دەبرێن، بەڵام لە ماڵاندا پاشماوەکان لە کوچە و کۆڵانەکان و ناو شار فڕی دەدرێن، بەمەش هەم سیمای شار قێزەون دەبێت هەم هۆیەکە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.

هەروەها ئاماژەی داوە، لە پێنج مانگی ڕابردوو نزیکەی 20 هەزار کیلۆ گۆشت و جگەر و سپڵ بەهۆی ناتەندروست بوونییەوە لەنێو براون.

پێشووتر وەزارەتەکانی کشتووکاڵ، تەندروستی و ئەوقاف ڕێکار و ڕێنمایی تایبەتیان لە بارەی قوربانی کردنی ئاژەڵان بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە تووشبوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون پارێزراو بن کە لە چەند شارێکی عێراق بڵاوبووتەوە.

Fly Erbil Advertisment