کاروان میراودەلی: تەرمی مێردمنداڵە تەمەن 14 ساڵییەکە نەدۆزراوەتەوە
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران ئاشکرای دەکات، خەریکە بابەتی خنکان دەبێتە دیاردەی ڕۆژ و دەڵێت، تا ئێستاش بەدوای تەرمی مێردمنداڵە 14 ساڵییەکەی کەرکووک دەگەڕێین.
یەکشەممە (16ـی حوزەیرانی 2024)، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بۆ کوردستان24ئاماژەی بەوە کرد کە، بابەتی خنکان خەریکە دەبێتە دیاردەی ڕۆژ، گوتی، لە 35 رۆژدا چوار کەیسی خنکان هەبووە، دەشڵێت، لە سنووری باڵەکایەتی تیمەکان خەریکی بەدواگەڕانن لە تەرمی مێردمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵەی خەڵکی کەرکووک کە بۆ گەشت هاتبوونە ناوچەکە.
لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیەی کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە وەک ئامادەکاریی بۆ رۆژانی جەژن کردیان و چەند بڕیار و ڕێنماییەکیان بڵاو کردەوە، کاروان میراودەلی گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا 28 خاڵمان پێشنیاز کرد و هەر زوو چەند خاڵێک پیادەکران لە بابەتی هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە پرسی مەلەکردن و ئاگر کەوتنەوە.
کاروان میراودەلی ئاماژەی بەوە کرد کە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سنووری جوگرافیی ناوپردان ئافرەتێکی ئوستراڵی تەمەن 49 ساڵی بەناوی لۆزا سیلڤان کە هەوڵیدابوو بچێتە نێو ئاوی ناوچەکە و مەلە بکات، مەترسیی لەسەر ژیانی دروستببوو، هەوڵی دابوو بچێتە شوێنێکی بەربەستەوە کە شوێنێکی زۆر سەخت بوو، دواجار دوو لە تیمەکانی چۆمانی بەرگریی شارستانیی چوونە سەر ڕووبارەکە و توانیان ئافرەتەکە ڕزگار بکەن.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران ڕایگەیاند، شەش تیمی گەڕۆکیان لە ناوچەکە جێگیر کردووە، دەڵێت، چەند خاڵێک هەبوو کە خەڵک لێی کۆدەبووە و شوێنی مەلەکردن نەبوو، تیمەکان ئەو خەڵکانەیان لەو شوێنانە دوور خستەوە، گوتی، ئەوە ئەو مەترسیانەیە کە بەرگریی شارستانیی بەردەوام کاری لەسەر دەکات.
میرادەولی ئاماژەی بە پێنج کەیسی خنکان کرد لەو ماوەی دواییدا، دەڵێت، هۆکاری لێلی و ساردی ئاوەکان، لەگەڵ شوێنی سەخت و دژوار و قوڵ هۆکارەکانی خنکانن، لەگەڵ ئەوەی تابلۆکان ڕێنماییان دەکەن بۆ پاراستنی ژیانیان، دەشڵێت، لەو شوێنانەی کە تابلۆ داندراون، خەڵک لێی نەخنکاوە، بەڵام لە هەندێ لە شوێنە گەشتیارییەکان کە چیوەی نەبووە و مۆڵەتی نەبووە خەڵک خنکاوە، بۆیە تیمەکان دەچنە ئەو شوێنە گەشتیارییانە بۆ ئەوەی مەرجیی سەلامەتی پەیڕەو بکەن.
سەرکەوت کاڕەش، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە هەزار و 292 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە و ڕووداوی هەڵدێران و خنکان و ڕووداوەکانی دیکە لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان تۆمار کراون، لە پارێزگای هەولێر 358 ڕووداو، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 351 ڕووداو، لە پارێزگای سلێمانی 217 ڕووداو، لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 132 ڕووداو، لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 115 ڕووداو، لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین 98 ڕووداو، لە پارێزگای هەڵەبجە 21 ڕووداو.
بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن لە بەرگریی شارستانیی هەرێم، ئاماژەی بەوە کردووە، بە هۆی ئەم ڕووداوانەوە، بە گشتیی62 کەس مردوون, لەئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین 17 کەس، لەپارێزگای هەولێر 16کەس، لەپارێزگای دهۆک 9 کەس، لەئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 8 کەس، لە پارێزگای سلێمانی 8 کەس، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەک کەس، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ یەک كەس، لەپارێزگای هەڵەبجە یەک کەس و لە ئاکرێش یەک کەس.