سەباح عەلی: لە گەرمیان دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەزار کیلۆ گۆشت دابەش دەکات

بەڕێوەبەری ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە گەرمیان ڕایگەیاند، بەهاوبەشی لەگەڵ مانگی سوور و کۆمپانیاکان، نزیکەی هەزار کیلۆ گۆشتی دابەشی گەرەکە هەژارەکانی گەرمیان کرد.
دووشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2024، سەباح عەلی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە گەرمیان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دەزگای خێرخوازیی بارزانی گۆشتی قوربانی دابەش دەکات لە تەواوی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم، لە یەکەم ڕۆژی جەژن 80 جوانەگا سەردەبڕێت لە کوشتارگەکان بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەکان و دواتر دابەشی سەر گەڕەکە هەژار نشینەکان دەکرێت.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "ئەم قوربانییە بە هاوبەشیی مانگی سووری ئیماراتی و بەشێک لە کۆمپانیاکانە. پڕۆژەکە لە گەرمیان چوار جوانەگا بەپێی ڕینماییەکانی تەندروستی سەربڕدراون، نزیکەی هەزار کیلۆگۆشتی هەبووە، دابەشی 500 خێزان دەکرێت، لە چەند گەڕەکێکی شارەدێی ڕزگاری دابەش دەکرێت".
"هەروەها دەدرێت بەو خێزانانە کە ڕۆژانە سەردانمان دەکەن، هەندێکیان خاوەن پێداویستی تایبەتن، هەندێکی دیکەشیان کرێنشینن و ناویان لای ئێمە تۆمار کراوە" سەباح عەلی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە گەرمیان وایگوت.