سێ بەرپرسی باڵای یەکێتیی ئەوروپا دەگۆڕدرێن

جۆزێف بۆرێل (ڕاست)، ئۆرێسلا ڤۆندەرلاین (ناوەند) و چارلس میشێل (چەپ)
جۆزێف بۆرێل (ڕاست)، ئۆرێسلا ڤۆندەرلاین (ناوەند) و چارلس میشێل (چەپ)

هەفتەی ڕابردوو ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەورووپا بڵاو کرایەوە، لەسەر بنەمای ئەنجامەکان، چەند گۆڕانێەک لە پۆستەکانی یەکێتیی ئەورووپا دەکرێن.

ئەمرۆ سەرکردەکانی 27 وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل کۆدەبنەوە. بڕیارە لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەسەر گۆڕینی ئۆرسێلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆن؛ چارلس میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەن و جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا بکرێت.

هەرچەندە پارتە ڕاستڕەوە توندرەوەکانی دژە پەنابەر و موسڵمانان ژمارەی کورسییەکانیان لەنێو پەرلەمانی ئەورووپا زیادی کردووە، بەڵام نەیانتوانی ببنە گەورەترین فراکسیۆنی ناو پەرلەمانەکە.

ئەگەری زۆرە ڤۆندەرلاین بۆ جاری دووەم ببێتەوە سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، چونکە پارتەکەی (پارتی گەلی ئەوروپا) گەورەترین فراکسیۆنە و زۆرترین کورسیی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا بەدەست هێناوە. دووەم گەورەترین لیست پارتی سۆشیال دیموکراتەکانە، پشتگیریی خۆیان بۆ ڤۆندەرلاین دربڕیوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی 12 سەرکردەی ئەورووپا پشتگیری ڤۆندەرلاین دەکەن بۆ دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستەکەی.

هەرچی سەبارەت بە چارلس میشێل و جۆزێف بۆرێلە، تاوەکو ئێستا ڕوون نییە، فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان و سەرکردەکانی ئەورووپا پشتگیریی مانەوەیان دەکەن یان نا. ئێوارەی ئەمڕۆ لەمیانی نانخواردنی ئێوارەدا گفتوگۆکان دەست پێ دەکەن.