سبەی یەکەم کاروانی حاجییان لە سعوودیەوە دەگەڕێنەوە عێراق

حاجییان لە فڕۆکەخانەی جەددە
حاجییان لە فڕۆکەخانەی جەددە

K24 – هەولێر:

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەستپێکردنی پرۆسەی گەڕانەوەی حاجییانی عێراق و هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند و ئاشکرای کردووە: سبەی هەینی یەکەم کاروانی حاجییانی عێراقی لە فڕۆکەخانەی جەددەوە دەگەڕێنەوە وڵات.

ڕۆژی پێنجشەممە (20ـی حوزەیرانی 2024) وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند: ڕۆژی هەینی یەکەم کاروانی گەڕانەوەی حاجییانی عێراقی لە سعوودیەوە دەست پێدەکات، دوای ئەوەی فەریزەی حەجیان ئەنجامدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ڕۆژانە لە فڕۆکەخانەی جەددەوە، حاجییان دەگەڕێننەوە بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و تاوەکوو 24ـی ئەم مانگەش ڕۆژانە دوو گەشتی ئاسمانی ئەنجام دەدرێت.

هەروەها وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە: پرۆسەی گەڕانەوەی هەموو حاجییان لە هەردوو فڕۆکەخانەی مەدینەی منەوەرە و جەددە بەردەوام دەبێت و گەڕانەوەی دوا کاروانی حاجییان لە ڕێگەی فڕۆکەوە لە 3ـی تەمموز دەبێت.

لەبارەی جۆری ئەو فڕۆکانەی بۆ گەڕانەوەی حاجییان ئامادەکراوە، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕوونی کردووەتەوە: فڕۆکەکانی بۆینگ 777، دریم لاینەر، ماکس بەپێی جۆری گەشتەکان کە بەندە بە ژمارەی حاجییانەوە، بەکاردەهێنرێن بۆ گەڕانەوەی هەموو حاجییانی عێراق و هەرێمی کوردستان.

پێشتریش ڕۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ سعوودیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەموو ئامادەکارییەک بۆ گەڕانەوەی حاجییان بۆ هەرێمی کوردستان کراوە، یەکەم کاروانی حاجییان لە ڕێگەی وشکانییەوە ڕۆژی شەممە (22ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێدەکەون بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها ڕۆژی دووشەممە 24ـی ئەم مانگە یەکەم کاروانی حاجییان بە فڕۆکە، کاتژمێر 9:15ـی بەیانی دەگەڕێنەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها کاتژمێر 12ـی شەوی هەمان ڕۆژ، کاروانی دووەم دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ سعوودیە ئاماژەی بەوەشکرد: 29ـی ئەم مانگە دوا کاروانی حاجییان لە سعوودیەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، داوای لە کەسوکاری حاجییان کردووە بە هیچ شێوەیەک سەردانی فڕۆکەخانەکان نەکەن بە مەبەستی پێشوازی کردن لە حاجییان چونکە پاسی تایبەت بۆ گواستنەوەیان ئامادەکراوە بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لە فڕۆکەخانەکان دروست نەبێت.

ڕۆژی شه‌ممه‌ (15ـی حوزه‌یرانی 2024) دەستەی گشتیی ئامار لە سعوودیە ڕایگەیاند: کۆی گشتیی ژمارەی حاجییان بۆ ئەمساڵ ملیۆنێک و 833 هەزار و 164 حاجییە، کە لەو ژمارەیەدا ملیۆنێک و 611 هەزار و 310 حاجی وڵاتانی دەرەوەی سعوودیەن و 221 هەزار و 854 حاجی هاووڵاتی و نیشتەجێی سعوودیەن.

بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی سعوودیەیان کردووە، لە کاتێکدا، کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، چوونەتە سعوودیە.