پات ڕایدەر بۆ کوردستان24: داعش لە عێراق و سووریا زۆر لاواز کراوە بەڵام هێشتا هەڕەشەیە

K24 – واشنتن:
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لە وەڵامی کوردستان24ـدا ڕایگەیاند، داعش لە عێراق و سووریا بە بەراورد بە 10 ساڵ لەمەوبەر زۆر لاوازکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی ناوچەکە.
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردستان24 لە بارەی مەترسی داعش لە ناوچەکەدا، پات ڕایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کە ئەمەریکا بەشێکە لێی، سەرنجی لەسەر ئەوەیە لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا کاربکات بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش و دڵنیاببنەوە لە شکستپێهێنانی هەمیشەیی داعش.
پات ڕایدەر گوتیشی: "لە ڕابردوودا قسەمان لەو بارەیەوە کردووە داعش لە عێراق و سووریا بە بەراورد بە 10 ساڵ لەمەوبەر زۆر لاوازکراوە. بە شێوەیەکی گشتگیر چالاکی داعشمان نەبینیەوە، لەگەڵ ئەوەشدا داعش هێشتا هەڕەشەیە، بۆیە بەردەوام دەبینی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کە ئەمەریکا بەشێکە لێی، سەرنجی لەسەر ئەوەیە لەگەڵ هاوبەشەکان لە ناوچەکەدا کاربکات بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش و دڵنیابنەوە لە شکستپێهێنانی هەمیشەیی داعش".
گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن باسی لەوەشکرد: "ئەمە یەکێکە لەو شتانەی هەموومان بینیومانە و ناکرێت چاوی لەسەر لاببەین، بۆیە هاوشێوەی سێنتکۆم لە ڕابردوو و ئێستاش بەردەوام دەبین لەوەی سەرنجمان لەسەر داعش بێت".
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (19ـی حوزەیرانی 2024) فەرماندەی هێزەکانی ناوەندیی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، هێرشێکی ئاسمانییان لە سووریا کردووە و توانیویانە (ئوسامە جەمال محەممەد ئیبراهیم جەنابی) کە سەرکردەیەکی باڵای ڕێکخراوی داعشە، بکوژن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، فەرماندەی هێزەکانی ناوەندیی ئەمەریکا جەختی کردووەتەوە: کوشتنی ئەو سەرکردەیە، دەبێتە هۆی لەکارخستنی تواناکانی داعش بۆ دابینکردنی داهات و جێبەجێکردنی هێرشە تیرۆریستییەکان.