بلینکن: پێویستە پەرەسەندنی شەڕ لە لوبنان دوورخرێتەوە

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەمیانی کۆبوونەوەیەکدا ڕایگەیاند، بە بەرپرسانی ئیسرائیلی گوتووه پێویسته پەرەسەندنی شەڕ لە لوبنان دوورخرێتەوە.

بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەنتۆنی بلینکن، لەگەڵ تەساحی هانێگبی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل و ڕۆن دێرمر، وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل کۆبووەوە.

بلینکن جەختی لە "پێویستی هەنگاوی زیاتر بۆ زیادکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە و پلاندانان بۆ حوکمڕانی و ئاسایش و بنیاتنانەوەی دوای ململانێکان" کردەوە.

لە میانی دیدارەکەدا بلینکن دەڵێت، "پێویستە پەرەسەندنی شەڕ لە لوبنان و فەڵەستین دوور بخرێتەوە و گرنگی بە گەیشتنی چارەیەکی دیپلۆماسی" بکرێتەوە.

حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ڕۆژی چوارشەممە هۆشداری دا کە حزبەکەی "بەبێ کۆنتڕۆڵ و گوێ دانە یاسا و ڕێسا شەڕ دەکات" لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی بەرفراوان لەگەڵ ئیسرائیل.

نەسروڵڵا، لە میانی مەراسیمی یادکردنەوەی سەرکردەیەکی دیار لە ڕیزەکانی حزبەکەیدا گوتی، "هەفتەی ڕابردوو بەهۆی ئاگری ئیسرائیلەوە کوژرا، ئەگەری خلیسکانی کێشەکان لەگەڵ ئیسرائیل بۆ شەڕێکی گەورە هەیە".

جەختیشی کردەوە "ئەگەر شەڕ سەرهەڵبدات، هیچ شوێنێکی سەلامەت لە ئیسرائیل لە هێرشەکانی حزبوڵڵا نامێنێت" و ئەمەش هەموو ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە ئامانجمانن لە دەریایی ناوەراست. هەروەها دوژمن زۆر باش دەزانێت کە ئێمە خۆمان بۆ خراپترین ڕۆژەکان ئامادە کردووە، ئەویش دەزانێت، هیچ شوێنێک لە کیانەکەدا نامێنێت کە سەلامەت بێت لە مووشەکەکانمان بۆیان".