کونسوڵخانەی عێراق لە جددە: ئەو حاجیانەی گیانیان سپاردووە بەشێوەیەکی کاتی لە سعوودیە بەخاک دەسپێردرێن

حاجیانی کوردستان
حاجیانی کوردستان

کونسوڵخانەی عێراق لەشاری جددەی سعوودیە ڕایگەیاند، بەشێک لەو حاجیانەی گیانیان سپاردووە بەشێوەیەکی کاتی بەخاک دەسپێردرێن.

کونسوڵخانەی عێراق لە جددەی سعوودیە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، بەهۆی مردنی زۆری حاجیانەوە، پزیشکی دادی مەککە ناتوانێت بەڵگەنامەی مردنیان بۆ دەربکات، هەربۆیە ئەو حاجیانەی گیانیان سپاردووە بەشێوەیەکی کاتی لە سعوودیە بەخاک دەسپێردرێن تا دوای کۆتایهاتنی ڕێوڕەسمی حەج، دواتر بەڵگەنامەی مردنیان بۆ دەردەکرێت و ئەگەر کەسوکارەکانیان ویستیان دەتوانن بیانگێڕنەوە بۆ عێراق.

کونسوڵخانەی عێراق لە جددە دەشڵێت، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعوودیە و دەستەی حەج و عومرەی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی حاجییەکان لە پەیوەندیدان.

ڕۆژی پێنجشەممە، 20-06-2024، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "19 حاجیی هەرێمی کوردستان لە وەرزی ئەمساڵی حەجدا، لە وڵاتی سعوودییە گیانیان سپاردووە. لەو ژمارەیە، 18ـیان لە ڕێگەی ڤیزای گەشتیاریی یەک ساڵەوە فەریزەی حەجیان بەجێگەیاندووە و تەنها یەکێکیان بە شێوەیەکی فەرمی لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیەوە چووبووە مەککە و مەدینە".

بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی سعوودیەیان کردووە، لە کاتێکدا، کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، چوونەتە سعوودیە.

Fly Erbil Advertisment