شرۆڤەکارێکی سیاسی عێراق: بەملیاران دۆلار لە کەرتی کارەبای عێراق خەرج کراوە

شرۆڤەکارێکی سیاسی ڕایگەیاند، حکوومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق، زیاتر لە چەندان ملیار دینار بۆ کەرتی کارەبا خەرج دەکەن، بەڵام تاکو ئێستە دۆخەی کارەبا چارە نەکراوە و دۆخەکە خراپە.
ئەمڕۆ هەینی، 21ـی حوزەیرانی 2024، عەلی ساحب، چالاکوان و شرۆڤەکاری سیاسی لە بەغدا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو دۆخەی کەوا ئێستە هەیە لەلای هاووڵاتییان بەتایبەت لە ناوەراست و باشووری عێراق، دوای ئەوەی کە چەندان بەڵێن دراوە لەلایەن حکوومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق بە هاووڵاتییان، و چارە نەکردنی تا ئێستە وای کردووە دۆخەکە بتەقێتەوە.
بەگوتەی ئەو شرۆڤەکارە، "زیاتر لە چەندان ملیار دینار خەرج کراوە بۆ دۆخی کارەبا، بەڵام تاکو ئێستە دۆخەکە چارە نەکراوە، وەک دەبینرێت ڕاستی دۆخی کارەبا خراپە و پلەکانی گەرەما و بەرز دەبێتەوە دەگاتە نیوە پلەی کوڵان، ئەم کێشەیەش زیاتر بەرچاو دەبێت".
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "هەردوو کەرت، کەرتی ئاو و کەرتی کارەبا کێشەی تێکەوتووە، تاکو ئێستە چارە نەکراوە بۆ هاووڵاتییانی عێراقی، چەند جارێک کارەبا بۆ ماڵەکان هاتووە، بەڵام دوای چەند خولەکێک کوژاوەتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کەوا پڕۆژەکانی حکوومەتی عێراقی سەرکەوتوو نەبوون، جگە لەوەی کە عێراق لەگەڵ چەندان وڵات ڕێککەوتنامەی مۆرکردووە، وەک؛ ئێران، سعودییە، مسر، بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ عێراق، بەڵام وەک دەبینین هیچ نەگۆڕاوە و دۆخەکە وەک خۆیەتی".
عەلی ساحب ئاماژە بەوەش دەدات کە سەرەڕای هەموو ئەو بێ کارەباییە لە عێراق، عێراق کارەبا بۆ ئوردن دابین دەکات، بەڵام نەیتوانییوە کێشەی کارەبای بۆ ناوخۆی عێراق چارە بکات، هەر بۆیە هاووڵاتییانی عێراق هەست بەوە دەکەن کەوا حکوومەتی عێراق ستەمیان لێ دەکات، کێشەیان بۆ چارە ناکات، بەتایبەت لە وەرزی هاوین هاتنی گەرما چونکە دۆخەکە زۆر گەرمە کەشوهەواش زۆر گەرمە.