نهێنی بەشداریینەکردنی ئاردا گولەر لە مەشقەکانی هەڵبژاردەی تورکیا

ئاردا گولەر یاریزانی هەڵبژاردەی تورکیا
ئاردا گولەر یاریزانی هەڵبژاردەی تورکیا

ئاردا گولەر ئەستێرەی هەڵبژاردەی تورکیا و یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی لە مەشقەکانی تورکیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال نەبینراوە.

رۆژنامەی ئەبۆلای پۆرتوگالی ئەوەی ئاشکراکردووە، گولەر بەشداری لە راهێنانەکانی هەڵبژاردەی تورکیا بۆ یاریی بەرامبەر پۆرتوگال نەکردووە.

رۆژنامەکە نووسیویەتی، یاریزانە لاوەکەی ریاڵ مەدرید هیچ پێکانێکی نییە، بەڵام لە یاریی بەرامبەر جۆرجیا تووشی ماندووبوونێکی زۆربووە و پشووی پێدراوە.

ئاردا لە یاریی بەرامبەر جۆرجیا یەكێك لە جوانترین گۆڵەکانی یۆرۆی تۆمارکرد و ئاستێکی نایابی پێشکەشکرد، دواتریش بە باشترین یاریزانی یارییەکە دیاریکرا.

رۆژی شەممە 2024/06/22 کاتژمێر 19:00 لە یاریگەی سیگناڵ ئیدۆنا پارك، لە گەڕی دووەمی کۆمەڵەکانی یۆرۆی 2024 هەردوو هەڵبژاردەی تورکیا و پۆرتوگال رووبەڕووی یەك دەبنەوە.

وەرزی رابردوو ئاردا گولەر لەگەڵ ریاڵ مەدرید بەهۆی پێکانەوە تەنیا بەشداری لە 12 یاریی کرد و مۆنتێلای راهێنەری تورکیا دەیەوێت بە باشترین شێوە سوود لە تواناکانی ئەو یاریزانە وەربگرێت.

ئاردا گولەر تەمەنی 19 ساڵە، ساڵی 2023 لە یانەی فەنارباخچەی تورکییەوە بە 15 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریاڵ مەدریدی ئیسپانییەوە کرد.