قوتابییە یەكەمەكانی زانكۆ خۆپێشاندان دەكەن
"تا وەڵامان نەدرێتەوە بەردەوام دەبین لە خۆپێشاندان و مانگرتن"
K24 – ھەولێر
قوتابییە یەكەمەكانی زانكۆكانی ھەرێمی كوردستان لە خۆپێشاندانێكدا لە ھەولێر نیگەرانی خۆیان دەربڕی كە تا ئێستا دانەمەزراون، لە یاداشتێكدا بۆ سەرۆكایەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەوە دەخەنەڕوو كە بەردەوام دەبن لە خۆپێشاندان و مانگرتن تا وەڵامێكی ئەرێنیان دەدرێتەوە.
وەك خۆیان دەڵێن، چەندین جار لەلایەن بەرپرسانەوە بەڵێنیان پێدراوە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە كە فەرمانی دامەزراندنمان بۆ دەربكرێت، بەڵام تا ئێستا نەكراوە.
ئەوەش دەخەنەڕوو: "دامەزراندن ھەم مافی خۆمانە و ھەمیش زانكۆكان پێویستیان پێمانە، بۆیە داواكارین ھەرچی زووە فەرمانی دامەزراندنمان بۆ دەربكرێت، ساڵێكمان لێ رۆیشتووە و ئەگەر تا مانگی 9 ئەمساڵ فەرمانی دامەزراندنمان بۆ دەرنەكرێت ئەوا دووساڵ لە وادەی خۆی تێدەپەڕێت و لە خوێندنی ماستەر دوادەكەوین".
راشیانگەیاند، ژمارەیان لە ھەزار قوتابی زیاترە و تا وەڵامێكی ئەرێنیان نەدرێتەوە بەردەوام دەبن لە خۆپێشاندان و مانگرتن.