وەزیرێکی ئیسرائیل "پلانێکی نهێنی" لەسەر کۆنترۆڵکردنی کەناری ڕۆژئاوا ئاشکرا دەکات

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"، بەرپرسێکی ئیسرائیلی هەوڵێکی "نهێنی" ئیسرائیلی ئاشکرا کرد، کە دەیەوێت کەناری ڕۆژئاوا بەتەواوی کۆنترۆڵ بکات و بە فەرمی بە شێوەیەکی نەگۆڕ بە ئیسرائیلییەوە بلکێنێت.

نووسەرانی ڕاپۆرتەکە پێداچوونەوەیان بە تۆمارێک کردووە کە لەلایەن وەزیری دارایی ئیسرائیل، بێزالێل سمۆتریچەوە پێشکەش کراوە، کە تێیدا باسی لە هەوڵەکان کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرتی ڕۆژئاوا لەلایەن ئیسرائیلەوە.

سمۆتریچ وتارەکەی لە بۆنەیەکی تایبەتدا لە 9ـی حوزەیران پێشکەش کرد و جەختی کردەوە کە پێویستە "ڕێگری لەوە بکەین کە کەرتی ڕۆژئاوا بەشێک بێت لە دەوڵەتی فەڵەستین".

سمۆتریچ بە دانیشتوانی وتووە: "پێتان دەڵێم، زۆر دراماتیکییە.. ئەم جۆرە گۆڕانە، دی ئێن ئەی ڕژێم دەگۆڕن."

بۆچوونەکانی سمۆتریچ سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی کەرتی ڕۆژئاوا هیچ نهێنییەک نین، بەڵام جیاوازن لەگەڵ هەڵوێستی فەرمیی حکومەتی ئیسرائیل کە دەڵێت "پێگەی کەناری ڕۆژئاوا بە کراوەیی ماوەتەوە بۆ دانوستانەکانی نێوان سەرکردەکانی ئیسرائیل و فەلەستین".

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش دا، ڕەنگە وتارەکەی سمۆتریچ پارێزگاری لە هەڵوێستی حکوومەتی ئیسرائیل لەسەر لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوا قورس بکات، بەو پێیەی باسی لە هێڵکاری بەرنامەیەکی ورد و هەماهەنگ بۆ لابردنی دەسەڵات لە دەستی جەنەراڵەکانی سوپای ئیسرائیل و ڕادەستکردنی کردووە، بۆ ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانەی کە لە سەردەمی سمۆتریچ لە وەزارەتی بەرگری کاردەکەن.

دەشڵێ: پێدەچێت هەندێک بەشی پلانەکە لە ماوەی 18 مانگی ڕابردوودا وردە وردە کاریان لەسەر کرابێت.

سمۆتریچ ئەم هەنگاوە بە گرنگ دەزانێت، بەو پێیەی "قبووڵکردنی ئەمە لە چوارچێوەی نێودەوڵەتی و یاساییدا ئاسانتر دەبێت" بۆ ئەوەی ئیسرائیل تۆمەتبار نەکرێت بە لکاندنی کەناری ڕۆژئاوا بە ئیسرائیل.

ئیتان فولد، گوتەبێژی سمۆتریچ، بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، وەزیری دارایی وتارەکەی پێشکەش کردووە و ئەو ڕووداوەش "نهێنی نەبووە".

سمۆتریچ دووپاتی دەکاتەوە کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاگاداری وردەکاری پلانەکەیە ​​کە لە ڕێککەوتنی هاوپەیمانی نێوان هەردوو پارتەکەیاندا سەرنجیان خستۆتە سەر و لە وتارەکەیدا ڕایگەیاندووە، " ناتانیاهۆ بە تەواوی لەگەڵمان ئامادەیە".