هاتوچۆی هەولێر: ئاستی هۆشیاریی شۆفێرانی شاری هەولێر بەرز بووەتەوە

گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، لەماوەی چوار ڕۆژی جەژندا تەنیا سێ ڕووداو لای ئێمە تۆمار کراوە.
شەممە، 22ـی حوزەیرانی 2024، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ڕۆژانی جەژنی قوربان بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، بەڕێژەیەکی زۆر ڕووداوی هاتوچۆ کەم بووەتەوە.
بە گوتەی ئەو گوتەبێژە، "لە ماوەی ئەو چوار ڕۆژەی جەژندا، سێ ڕووداو تۆمار کراوە لەلای ئێمە، لە ڕووی هاتوچۆوە لە سنووری پارێزگای هەولێر کە تاکو هەریرە، بەڵام لە ڕووی ئیدارییەوە تاکو حاجی ئۆمەرانە. جگە لەوەی کە ڕێژەیەکی زۆر گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بۆ گەشت هاتبوون، خۆشبەختانە تەنیا ئەو سێ ڕووداوە هەبووە.
ئەو گوتەبێژە دەڵێت، "هاتوچۆی هەولێر ئەو پلانەی کە پێش جەژن داینابوو، توانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێی بکات، کارمەند و ئەفسەرانی هاتوچۆ لە ڕۆژانی جەژن لە هەموو شەقام و ڕێگە گەشتیارییەکانی دەرەوە و ناوەوەی هەولێر، هەر لە بەرە بەیانەوە تاکو درەنگانی شەو، لە ئەرکدا بوون. لای خۆمانەوە توانیومانە سیستەمی هاتوچۆ بە شێوەیەکی زۆر باش کۆنترۆڵ و ڕێک بخەین، ئەمەش هۆکارێک بووە بۆ کەمبوونەوەی ڕووداوەکان لەو چەند ڕۆژەدا.
دەشڵێت: "پۆلیسی هاتوچۆ و کارمەندانی هاتوچۆ، هۆیەکی باش بوون بۆ دروستنەبوونی قەرەباڵەغی و ڕووداو، ڕوو بدات. لەلایەکی دیکەشەوە کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ و کامێراکانی چاودێری ئەوانیش هۆیەکی باش بووە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان تیژڕەوی نەکەن، کە تیژڕەوی نەبوو، خۆبەخۆ ڕووداوی هاتوچۆش کەم دەبێت".
هێمن ئەمین ئەوەشی خستە ڕوو، "خەڵکی شاری هەولێر ئێستە هۆشیاریی هاتوچۆیان باشتر بووە، ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی هۆشیاریی شۆفێرانی شاری هەولێر بەرز دەبێتەوە. چونکە پابەندن بە یاساکان و ڕێنماییەکانی هاتوچۆ، هەروەها تیژڕۆیی و سەرپێچی ناکەن، چەند کەسێک هەیە سەرپێچی دەکەن، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە بڵێین هەموویان یاسا پێشێل دەکەن. چونکە ئێستە شۆفێران هۆشیار ترن".
"ئێمە دڵخۆشین ئاستی هۆشیاری شۆفێران لەو ئاستە باشە و گۆڕانەدایە، چونکە تاچەند هاووڵاتیی پابەند بێت بە یاسا و ڕێنماییەکانی هاتوچۆ ئەوەندە ڕووداو کەم دەبێتەوە". عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر وای گوت.