ناوەڕاستی مانگی 10ـی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارته‌ سیاسییه‌كان لە راوێژدایە بۆ دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردن، پارته‌ سیاسییه‌كان بۆچوونی خۆیان خستووەتە بەردەم سەرۆکایەتی هەرێم و هەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن هەڵبژاردن لە مانگی 10ـی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، ڕاوێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حزبەکان دەستیپێکردووە بۆ دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان. لەگەڵ هەندێکیان ڕاوێژی کردووە و لەگەڵ هەندێک حزبی دیکەش لە ڕۆژانی داهاتوودا گفتوگۆ دەکات. بۆ ئەو مەبەستەش، حزبەکان بۆچوونی خۆیان خستووەتە بەردەم سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.

باپیر کامەلا، سکرتێری پارتی ڕەنجدەرانی کوردستان بۆ کوردستان24 گوتی: وەک هەموو جارەکانی دیکە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕاوێژی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کردووە و پێدەچێت لە ناوەڕاستی مانگی 10 بکرێت.

بۆچووونەکان بۆ ئەوە دەچن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، چونکە کۆمیسیۆن لە ڕۆژی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەوە 100 ڕۆژی بۆ خۆئامادەکردن پێویستە.

لەلایەن خۆیەوە، شوان ڕابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری ڕایگەیاند: ئەوان دەستوەردان لە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن ناکەن و ئەوە لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە و تەنیا دەمانەوێت لە زووترین کاتدا هەڵبژاردن بکرێت.

پێشتریش کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 5ـی ئەیلوولی 2024ـی پێشنیازکرد و بە نووسراوێکی فەرمیش پێشنیازەکەی ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کردووە.

ڕۆژی سێشەممە (4ـی حوزەیرانی 2024) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ڕەزامەندیی لەسەر بڕیاری گەڕانەوەی پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان نیشان داوە، کورسیی پێکهاتەکانیش بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێن: هەولێر 34 کورسی؛ دوو کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان و کریستیان. سلێمانی 38 کورسی؛ دوو کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان و کریستیان. لە پارێزگای دهۆک 25 کورسی؛ یەک کورسی بۆ پێکهاتەی کریستیان. هەڵەبجە سێ کورسی و هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان نەکراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، لە وەڵامی ژمارەیەک سکاڵای پێشکەش کراو لەلایەن پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیاری دا لە 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسیی بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێن. واتا 95 کورسی گشتیی دەبن، پێنج کورسییەکەی دیکەش تایبەت دەبن بە پێکهاتەکان.

ڕۆژی سێشەممە (21ـی ئایاری 2024) دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد. بە گوێرەی دەقی بڕیارەکە کە ڕۆژی دووشەممە (20ـی ئایاری 2024) دەرچووە؛ پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێن: پارێزگای هەولێر: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان، پارێزگای سلێمانی: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان) و پارێزگای دهۆک: (یەک کورسیی بۆ کریستیانەکان).