ڕووسیا و ئێران ڕێککەوتنێکی نوێ و گشتگیر دەکەن
ئاندرێ ڕودینکۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە هەڤپەیڤینێکدا کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە، بە ئاژانسی ڕاگەیاندنی ڕووسیا ڕایگەیاند، مۆسکۆ ڕێککەوتنێکی نوێ و گشتگیر لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ ئێران ئیمزا دەکات.
ڕۆدینکۆ ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکەین لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا ئەم ڕێککەوتنە ئیمزا بکرێت، چونکە دارشتنی دەقەکە لە ئێستاوە خەریکە تەواو دەبێت.
ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە سەرەتای ئەم مانگەدا ڕایگەیاندبوو، کارکردن لەسەر ڕێککەوتنەکە بەشێوەیەکی کاتیی ڕاگیراوە، هاوکات ئێران ڕایگەیاندبوو، هیچ وەستانێک لە ئامادەکردنی ڕێککەوتنە نوێیەکەدا نییە.
ڕووسیا و ئێران لە ساڵی 2001 ڕێککەوتنێکی ستراتیجییان بۆ ماوەی 20 ساڵ ئیمزا کردووە و لە ساڵی 2020 بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بۆ ماوەی پێنج ساڵ درێژکرایەوە، بەگوێرەی ئاژانسی تاسی ڕووسی، هەردوولا لە ساڵی 2020 لەسەر ئەوە کۆک بوون لە جیگەی ڕێککەوەتنە ستراتیجییە کۆنەکە، ڕێککەوتنێکی نوێ بکەن .
ڕێککەوتننامەی ساڵی 2001 هاوکاریکردن بووە لە بوارەکانی ئاسایش و پرۆژەکانی وزەدا، لەوانە بەکارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی، دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمی، پیشەسازی و تەکنۆلۆجیا.
ڕووسیا و ئێران پەیوەندییەکانی وەبەرهێنان، سەربازی و وزەیان پتەوتر کردووە، دوای ئەوەی ڕووسیا لە ساڵی 2022 هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، هاوکات سزاکان لەلایەن هاوپەیمانەکانی کیێڤەوە بەسەر مۆسکۆدا سەپێندرا.