سەرکردەکانی حەماس قەتەر جێ دەهێڵن و دەچنە عێراق
بەهۆی توندبوونی فشارەکان بۆ ڕازیکردنی سەرکردەکانی حەماس بۆ پەسەندکردنی پێشنیازەکەی جۆو بایدن، سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و ئازادکردنی بارمتە ڕفێندراوەکان، پەیوەندییەکانی حەماس و قەتەر بەرەو ساردبوون دەچێت و سەرکردەکانی حەماس پلانیان وایە قەتەر بەجێ بهێڵن بچنە عێراق.
لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژنامەی زە ناشیۆناڵ لە زاری پەرلەمانتارێکی عێراق بڵاوی کردووتەوە، مانگی ڕابردوو سەرکردەکانی عێراق ڕەزامەندیان دەربڕیوە لەسەر گواستنەوەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ بەغدا.
ڕۆژنامەکە نووسیویەتی، سەرجەم زانیارییەکانی لەو پەرلەمانتارە وەگرتووە کە هاوکات سەرکردەی پارتێکی سیاسییە و پرسی لەخۆگرتنی سەرکردەکانی حەماس لەلایەن عێراقەوە کۆبوونەوەی سێقۆڵیی ئیسماعیل هەنییە بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس و نوێنەرانی هەردوو حکوومەتەکانی عێراق و ئێران گفتوگۆی لەسەر کراوە.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەگەر هەیە ئێران خۆی بەرپرسیارێتیی پارێزگاریی لە سەرکردەکانی حەماس و نووسینگە و کارمەندەکانی لە بەغدا، بگرێتە ئەستۆ. هەروەها تیمی ئەمنی و لۆجستی سەر بە حەماس بۆ سەرپەرشتیی هەنگاوەکانی گواستنەوەی سەرکردەکانی حەماس لە قەتەرەوە بۆ عێراق سەردانی بەغدایان کردووە.
هەر لە مانگی ڕابردوودا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هەنگاوەکان بەوردی لەلایەن محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیسماعیل هەنییە گفتوگۆی دەربارە کراوە، بەڵام لەنێو سیاسییەکانی عێراق کۆ دەنگییەک لە سەر گواستنەوەی سەرکردەکانی حەماس بۆ بەغدا نییە. چونکە، بەشێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراق نایانەوێت بەم هەنگاوە ناکۆکییەکان لەگەڵ ئەمەریکا زیاتر قوڵ بکرێتەوە، بەڵام بڕیار بڕیاری حکوومەتەو پاشگەزبوونەوەی نییە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی زە ناشیۆناڵ، لەم مانگەدا بزووتنەوەی حەماس نووسینگەی خۆی لە بەغدا کردووتەوە کە محەممەد حافی سەرۆکایەتی دەکات و بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیکدا نووسینگەیەکی ڕاگەیاندنیش هەر لە بەغدا بکەنەوە.