مۆسکۆ: هیوادارین سیئۆل "بە لێکگەیشتن و عەقڵانییەت" ڕێککەوتنەکانی ڕووسیا و پیۆنگ یانگ قبوڵ بکات
جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، مۆسکۆ هیوادارە سیئۆل ڕێککەوتنی هاوبەشی ستراتیجیی گشتگیر کە لەم دواییانەدا لە نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور مۆر کراوە، "بە لێکگەیشتن و عەقڵانییەت" قبوڵ بکات.
ئاندرێ ڕودێنکۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بە ئاژانسی نۆڤستی ڕایگەیاند، هیوادارین سیئۆل بە لێکگەیشتن ڕێککەوتنە نوێیەکە قبوڵ بکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵەکانی حکوومەتەکانی ڕووسیا و کۆریای باشوور یارمەتیدەر بوونە بۆ ئەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بە "ئاڕاستەیەکی پراگماتیکیدا بمێننەوە و بەبێ ئەوەی بخزێتە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ"، هەرچەندە کۆریای باشوور پەیوەندی بە سزاکانی ڕۆژئاواوە کرد دژی ڕووسیا.
دەشڵێت، "هیوادارین سیئۆل پشتگیریی ئەو هەڵوێستە بکات".
لە سەردانەکەی ڤلادیمێر پوتین بۆ پیۆنگ یانگ لە 18- 19ـی حوزەیران، ڕووسیا و کۆریای باکوور ڕێککەوتنێکی هاوبەشی ستراتیجیی گشتگیریان مۆر کرد، کە جێگەی پەیمانی دۆستایەتی و دراوسێیەتیی باشی گرتەوە کە لە 9ـی شوباتی 2000 کرابوو.
ڕێککەوتنە نوێیەکە، جگە لە هاریکاریی ئابووری، مرۆیی، زانستی و تەکنیکی نێوان هەردوو وڵات، "پاڵپشتی سەربازیی هاوبەش لە ئەگەری بەرکەوتنی هەریەک لە وڵاتان بۆ دەستدرێژیی دەرەکی، بەپێی مادەی 51ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاساکان"، دیاریکراوە لە ڕووسیا و کۆریای باکوور.
ئەم ڕێککەوتنە تووڕەیی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ژاپۆن و کۆریای باشووری لێ کەوتەوە، لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەی زەریای هێمن.