دوای هێرشەکەی سەر کریمیا، مۆسکۆ بەڵێنێک بە واشنتۆن دەدات

ڤلادیمێر پوتین
ڤلادیمێر پوتین

ڕووسیا هەڕەشەی سزادانی لە ئەمەریکا کرد، لە وەڵامی ئەو هێرشە مووشەکییەی ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بۆ سەر نیمچە دورگەی کریمیا کردی، کە تیایدا مووشەکی ئەمەریکی لە هێرشەکەدا بەکار هێنراوە.

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین ڕایگەیاند، بە دڵنیاییەوە دەستوەردانی ئەمەریکا لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر شاری سیڤاستۆپۆل کە بووە هۆی کوژرانی خەڵکی سڤیل، لێکەوتەی دەبێت.

گوتەبێژەکە گوتیشی: واشنتۆن ڕاستەوخۆ "تێوەگلاوە" لەو دوژمنایەتیانەی کە بووە هۆی کوژرانی هاووڵاتیانی مەدەنی ڕووسیا، ئاماژەی بەوەش کردووە، بێگومان ئەم کارە ناتوانێت لێکەوتەی نەبێت، دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لین ترەیسی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە مۆسکۆی بانگهێشت کرد و یاداشتێکی ناڕەزایەتی توندی پێدا.

گوتەبێژی کرێملین، سەبارەت بە دەستپێکردن و نوێکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی گوتی: ڤلادیمێر پوتین ڕایگەیاندووە، کارەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئەو بەرنامە لەگەڵ هەڕەشە نوێیەکان بگونجێت، دوو ڕۆژ لەمەوبەر پوتین ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی لە ئێستاوە دەستی کردووە بە مۆدێرنکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی خۆی.

دوێنێ ئۆکرانیا بە مووشەک هێرشی کردە سەر نیمچە دوورگەی کریمیا، کە مۆسکۆ پشتڕاستیکردەوە ئەمەریکا دەستی لەو هێرشەدا هەیە.

کە میخائیل موراشکۆ، وەزیری تەندروستیی ڕووسیا لەوبارەوە ڕایگەیاند، بەلایەنی کەمەوە 124 کەس برینداربوون، دەسەڵاتدارانی ڕووسیاش ڕایانگەیاند، لەنێو بریندارەکاندا 27 منداڵ هەبوون، کە پێنجیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.