سزاکانی ئەمەریکا زیانی 14 هەزار دۆلاریان بە هەر تاکێکی ئێرانی گەیاندووە
سەرۆکی پێشووی ژووری بازرگانی ئێران ڕایدەگەیەنێت، بە هۆی کاریگەریی گەمارۆکانی ئەمەریکا، لە 12 ساڵدا زیانی دارایی یەک ترلیۆن و 200 ملیار دۆلار بەو وڵاتە گەیشتووە و هەر تاکێکیش 14 هەزار دۆلار زیانی کردووە.
حوسێن سەلاح وروزی، سەرۆکی پێشووی ژووری بازرگانیی ئێران ئاشکرای کرد، بە هۆی کاریگەریی گەمارۆ ئابورییەکانی سەر ئێران، لە ماوەی ساڵانی 2011 تاوەکو ،2022 وڵاتەکە زیانی یەک ترلیۆن و 200 ملیار دۆلاری پێگەیشتووە. ئەوەشی خستە ڕوو، گەمارۆکان بوونەتە هۆی ئەوەی زیانی داهاتی هەر تاکێکی ئێران لە 12 ساڵدا، 14 هەزار دۆلار بێت.
وروزی دووپاتیشی کردەوە، بەهۆی گەمارۆکانەوە، ئێران دەرفەتی ئابووری لە دەست داوە و ئاماژەی بەوەش کرد، کەمکردنەوەی ناچاری بەرهەمهێنانی نەوت زیانێکی زۆری بە کێڵگە نەوتییەکان گەیاندووە، بە جۆرێک، بەشێک لە کێڵگەکان پەکیان کەوتووە.
ئەو بەرپرسەی پێشووی ئێران گوتیشی: "بە هۆی سزاکان، کاڵا ناوخۆییەکان گران بوونە و کاریگەریی لەسەر ئاستی هەناردەکاری هەبووە بە جۆرێک، هەناردەکردنی نانەوتی لە ساڵی ڕابردوو بەراورد بە هاوردەکردن نا هاوسەنگ بووە و ئاستی هەناردەکاری دابەزیوە".
لەلایەکی دیکە حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران ڕایگەیاند، یاسای کاری ستراتیجیی کە لە ساڵی 2020 پەرلەمانی ئێران پەسەندی کردووە، خراپترین یاسایە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تەنیا لە سێ ساڵی ڕابروودا ئەم یاسایە زیانی 300 ملیار دۆلاری بە ئابووریی ئێران گەیاندووە.
هەفتەی ڕابردوو بانکی نێودەوڵەتی پێشبینی کردبوو بەهۆی دابەزینی بەهای تمەن و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان، گەشەی ئابووریی ئێران لە ساڵی 2024 بگاتە کەمتر لە ٪2 لە کاتێکدا لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی هەناردەکردنی نەوت، گەشەی ئابووری ئێران لە ساڵی 2022، ٪2.9 بوو.
هەروەها بەگوێرەی راپۆرتێکی هەمان بانک، گەشەی دارایی ئێران لە ساڵانی 2023-2024 بە ڕێژەی 0.5 دابەزیوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، تەنیا چەند ڕۆژێکی کەم بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئێران ماوە. ترسی ئەوە هەیە یەکێک لە کاندیدە نەریتخوازەکان لە هەڵبژاردنەکەدا سەربکەوێت و دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بگەنە بنبەست.