دادگای باڵای ئیسرائیل بڕیاری دا سەربازیی جووە ئۆرتۆدۆکسەکانیش بگرێتەوە

قوتابیانی پەیمانگە ئایینییەکانی جو ناسراو (حەرێدیم)
قوتابیانی پەیمانگە ئایینییەکانی جو ناسراو (حەرێدیم)

دادگای باڵای ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، بڕیاریدا و حکوومەتی وڵاتەکە پابەندکرد بەوەی قوتابیانی پەیمانگەی ئایینییەکانی جووە ئۆرتۆدۆکسە توندڕەوەکان کە بە (حەرێدیم) ناسراون، ڕاپێچی خزمەتی سەربازی بکات.

بڕیارەکەی دادگای باڵای ئیسرائیل بەهۆی نەبوونی یاسایەکی تایبەتە بۆ جیاکاری لە تایبەتمەندیی قوتابیانی پەیمانگە ئایینییەکان و ناوەندە ئاساییەکانی خوێندنە لە ئیسرائیل، هەربۆیە بڕیاریداوە خزمەتی سەربازی قوتابیانی ناوەندە ئایینییەکان وەک هەر هاووڵاتیی ئاسایی بگرێتەوە و هیچ جیاکارییەک لە نێوان چین و توێژەکان نەمێنێت.

بەگوێرەی ڕێکخستنە کۆنەکانی پێکهاتەی سوپای ئیسرائیل، زۆرینەی پیاوان و ئافرەتانی حەرێدیم لە خزمەتی سەربازی تەوزیمی بەخشرابوون، ئەمەش بووەتە هۆی توڕەبوونی ئیسرائیلییەکان لەوەتەی شەڕی غەززە دەستی پێکردووە کە زیاتر لە هەشت مانگە بەردەوامە.

هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەم بڕیارەی دادگای باڵای ئیسرائیل بۆ هاوپەیمانێتییەکەی بنیامین ناتانیاهوی سەرۆکوەزیران لیکەوتەی خراپی هەبێت کە حکوومەتی لەسەر پێک هێناوە و گومان دەکرێت جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگا، ببێتە هۆی داڕمانی حکوومەت.