میران بەختیار: تا ئێستە 66 هەزار تۆن گەنم لە هەولێر وەرگیراوە

میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر
میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، دەڵێت: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پاڵشتی لە جووتیاران و بەرهەمی ناوخۆ کردووە. هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ئەو بڕە گەنمەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراوە مایەی نیگەرانییە، چونکە جووتیارانمان لەو بڕە زۆر زیاتریان هەیە.

میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەپێی بڕیاری حکوومەتی عێراق 228 ھەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ھەولێر وەردەگیرێت، تا دوێنێ 66 هەزار تۆن گەنم لە سایلۆکانی پارێزگای هەولێر لە جووتیاران وەرگیراوە و، ئێستەش وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران بەردەوامە.

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، ئاماژەی بەوە دا، ئەو جووتیارانەی کە نۆرەیانە بە بەردەوامەی تەلەفۆنیان بۆ دەکەین کە بێن گەنمەکانیان ڕادەستی سایلۆکان بکەن، هەروەها "دەوامی خۆمان درێژ کردووەتەوە بۆ ئەوەی ڕۆژانە زۆرترین جووتیار سەردانمان بکەن، تا زۆرترین بڕی گەنم وەربگرین".

لەبارەی کردنەوەی سایلۆی قوشتەپە، ناوبراو گوتی: ئەمڕۆ سایلۆی قوشتەپە کرایەوە و سایلۆکە 40 هەزار تۆن گەنم دەگرێت، کردنەوەی سایلۆکە بووەتە کارئاسانییەکی زۆر بۆ جووتیارانی ئەو ناوچەیە، هاوکاتیش بەهۆیەوە پرۆسەی وەرگرتنی گەنم خێراتر دەبێت.

میران بەختیار، باسی لە گرنگیپێدانی کابینەی نۆیەم بە جووتیاران و بەرهەمی ناوخۆ کرد و ڕوونیکردەوە، کابیەنەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران داوە و، هەمیشە کارئاسانی بۆ جووتیاران کردووە.

ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەو بڕە گەنمەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراوە مایەی نیگەرانییە، چونکە جووتیارانمان لەو بڕە زۆر زیاتریان هەیە.

لەبارەی کوالێتی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی پارێزگای هەولێر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، دەڵێت: سەرەتا کوالێتی گەنمەکەیان زۆر باش بوو، هیچ کێشەیەکی نەبوو، بەڵام ئەو بارانەی کۆتا وەرزی بارانبارین هەندێک زیانی لە کوالێتی گەنمی جووتیاران داوە.

Fly Erbil Advertisment