مەحموود کەریم: ئەگەر قەیرانی داراییمان نەبوایە کوردستان دەگەیشتە ئاستی وڵاتانی جیهان

مەحموود کەریم شارەزا لە بواری وزەی خۆر و با
مەحموود کەریم شارەزا لە بواری وزەی خۆر و با

شارەزایەکی بواری وزەی خۆر و با ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر کوردستان دووچاریی قەیرانی دارایی نەبوایە، دەگەیشتە ئاستی وڵاتانی جیهان، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا پرۆژە و نموونەکانی، سەرنجی عێراق ڕادەکێشێ و دەیانەوێت لە ناوەڕاست و باشوور دووبارەی بکەنەوە.

سێشەممە (25ـی حوزەیرانی 2024)، مەحموود کەریم شارەزا لە بواری وزەی خۆر و با لەبارەی دروستکردنی پرۆژەکانی دروستکردنی کارەبا لە وزەی خۆر و با، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، عێراق دەتوانێ لەڕێگەی با و ئاو ، وزە بۆ کارەبا دروست بکات، چونکە شوێنی زۆر هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە.

گوتیشی،  مەرج نییە ناوچەی شاخاوی پرۆژەکەی تێدا سەرکەوتوو بێت، چونکە خێرایی با لە هەموو شوێنێک بەهێز نییە، ئاشکرای کرد،

زیاتر لە 20 شوێنیان لە هەرێمی کوردستان دیاری کردووە کە گونجاوە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی کارەبا لە وەزەی با، دەڵێت، خێرایی با لەو شوێنانە 4 مەتر بۆ 6 مەترە لە چرکەیەکدا، دەتوانین لەو خێراییە بڕێکی کارەبا بەدەست بێنین، دەشڵێت، وزەی با تێچووی هەیە چونکە جوڵەی تێدایە، بەڵام وزەی خۆر تێچووی نییە.

دەتوانین لە وزەی با کارەبا دروست بکەین و سەرچاوەی دیکەشمان هەیە، لە هەندێ شوێن ناتوانین ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکەین، لەهەر شوێنێکی کوردستان دەتوانین سوود لە وزەی خۆر وەربگرین.

مەحموود کەریم ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیی بە وزەی نوێ دەدات، بەتایبەت وزەی خۆر، گوتی، چەندین گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان کراوە، بەشێوەیەک لە هەولێر دوو گرێبەست کراوە، لە دهۆک دوو گرێبەست، لە سلێمانی گرێبەستێک بەشێوەی وەبەرهێنان، کە حکوومەت کارەباکەیان لێ دەکڕێت.

ئەو شارەزایە ئاشکرای کرد، لە بیابانەکانی عێراق با زۆر خێرایە  و دەتوانرێت سوود لە وزەی با وەربگرێت و کێشەی کەمی کارەبای پێ چارەسەر بکرێت، بەڵام عێراق لە وزەی خۆر دەستیی پێکردووە، گوتی، ڕاوێژیان بە ئێمە کردووە و دەیانەوێت چاو لە ئێمە بکەن، چەند نموونەیەکیشیان جێبەجێکرد، مەحموود کەریم ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو بوارەدا زۆر لە پێشەوەی عێراقە، گوتی، ئەگەر کێشە و قەیرانی داراییمان نەبا، زۆر پێشکەوتووتر دەبوین و دەگەیشتینە ئاستی وڵاتانی جیهان.