به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژ دۆخی یاسایی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییه‌كان تاوتوێ ده‌كات

شەشەمین کۆنفرانسی لالش لە هەولێر به‌ڕێوه چوو، كه تێیدا چه‌ندان پرس و ته‌وه‌ر له‌باره‌ی دۆخی ئێزدییه‌كانی شنگال دوای 10 ساڵ له تاوانه‌كانی داعش خرایه به‌ر باس و گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا، سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته هه‌ر یه‌ك له بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، سەرۆکی دەزگه‌ی نێودەوڵەتیی ئێزدی بۆ بەرەنگاربوونەوەی جینۆساید و ڕاوێژکاری وەزیری دادیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ جینۆساید به‌شدارییان له به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژ كرد كه له‌لایه‌ن هه‌كار نهێلی له كوردستان24ـوه پێشكه‌ش ده‌كرێت و ئاماژه‌یان به چه‌ندان ورده‌كاریی مرۆیی، یاسایی و سیاسیی كرد ده‌رباره‌ی دۆخی ئێزدییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا.
له سه‌ره‌تادا بەهار عەلی، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، له شەشەمین کۆنفرانسی لالش كه لە هەولێر وه‌كوو ڕێكخراوه‌كه‌یان به‌گشتی گفتوگۆیان له‌سه‌ر دوو ته‌وه‌ر كرد، كه یه‌كێكیان تایبه‌ت بوو به بارودۆخی كچان و ئافره‌تانی ئێزدی له دوای تێپه‌ڕینی 10 ساڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژی ئێزدییه‌كان له‌لایه‌ن چه‌كدارانی ڕێكخراوی داعش.
ڕوونیشی كرده‌وه، ئه‌م بابه‌ته له لایه‌ن خودی كچان و ئافره‌تانی ئێزدییه‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر كرا، به شێوه‌یه‌ك بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێنج له كچان و ئافره‌تانی ڕزگاربووی ژێر ده‌ستی داعش بابه‌ته‌كه‌یان له زاری خۆیانه‌وه خسته ڕوو.
به‌هار عه‌لی تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌یش كه ئه‌و كچ و ئافره‌ته ئێزدییانه كه‌سانی زۆر چالاكن ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیش، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش قسه‌یان له باره‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ داخستنی كه‌مپی ئاواره‌كانی شنگال كرد، كه ئه‌مه بووه‌ته خه‌مێكی گه‌وره‌یه بۆ ئێزدی و ئاواره‌كانی شنگال نه‌خاسمه كه له ئێسته‌دا هیچ ئاماده‌كارییه‌كی پێویست و ئاڵته‌رناتیڤ بۆ باشتركردنی بارودۆخه‌كه‌یان نه‌كراوه.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌یش ڕ‌اكێشا، یه‌كێك له بابه‌ته‌كانی دیكه كه ئافره‌تان و كچانی ئێزدی گفتوگۆیان له باره‌وه كرد، پرسی دادگهیینهكردنی تاوانبارانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه بوو، هاوكات له پاڵ نه‌بوونی دۆخێكی سه‌قامگیریی سیاسیی، ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ئێزدییه‌كان.
به‌هار عه‌لی هێمای بۆ ئه‌وه كرد، مه‌به‌ستیان بوو له ڕێگه‌ی خستنه‌ڕووی ئه‌م بابه‌ت و پرسانه‌وه، په‌یامێك بۆ حكوومه‌تی عێراق بنێرن كه نوێنه‌ری له كۆنفرانسه‌كه ئاماده بوو.
ته‌وه‌ری دووه‌م كه له كۆنفرانسه‌كه‌دا قسه‌یان له‌سه‌ر كرد و به لایانه‌وه جێی تێڕامان بوو، بریتی بوو له پرسی یان بابه‌تی "توندتیژیی سێكسی" كه له كاتی شه‌ڕ و جه‌نگه‌كان ڕوو ده‌دات، به شێوه‌یه‌ك تا ئێسته ئه‌م بابه‌ته نه‌بووه‌ته به‌شێك له لێكۆڵینه‌وه‌كانی دادگه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ تاوانبارانی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییان.
هاوكات حەسۆ هورمی، سەرۆکی دەزگه‌ی نێودەوڵەتیی ئێزدی بۆ بەرەنگاربوونەوەی جینۆساید، باسی له‌وه كرد، پرۆسه‌ی دادگه‌ییكردنی تاوانبارانی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییه‌كان پرۆسه‌یه‌كی درێژخانهیه و تا ئێسته نزیكه‌ی 18 ده‌وڵه‌ت به‌شدارن تێیدا و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دادگه‌یه‌ك له ئه‌ڵمانیا پێك هێنرا و بۆ یه‌كه‌مین جار ددان به تاوانی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییاندا بنێت.
حەسۆ هورمی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، ده‌خوازن و كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌ت عێراق و ڕێكخراوه‌كان به‌تایبه‌تی یونیتاد كاری جیددی‌تر بكه‌ن و لۆبییه‌كی به‌هێز دروست بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌یلوولی ئه‌م ساڵدا له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه بڕیارێك ده‌ربچێت بۆ پێكهێنانی دادگه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به دادگه‌ییكردنی تاوانبارانی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییان.
ناوبراو ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو، ئه‌گه‌ر دادگه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌م كه‌یسه نه‌یه‌ته پێكهێنان، ئه‌وان ناتوانن به ئامانجه‌كه‌یان بگه‌ن و ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستیان به ده‌ستی بهێنن بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئێزدی و شنگالییه‌كان كه بوونه‌ته قوربانی تاوانه‌كانی ڕێكخراوی داعش. گوتیشی، نه‌بوونی دادگه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه ڕه‌نگه ترسی دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان تاوانانه دژ به ئێزدییه‌كان به به‌رده‌وامی بهێڵێته‌وه.
له لای خۆیه‌وه کرمانج عوسمان، ڕاوێژکاری وەزیری دادیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ جینۆساید ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، بۆ به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی تاوانی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان چه‌ند میكانیزمێك هه‌یه، كه یه‌كێك له‌وانه پێكهێنانی دادگه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه و جێی پرسیاره كه ئاخۆ بۆچی تا ئێسته ئه‌م دادگه‌یه پێك نه‌هێنراوه و هۆكاره‌كانی چین؟ هاوكات یه‌كێكی دیكه له میكانیزمه‌كان بریتییه له پێكهانی دادگه‌یه‌كی تێكه‌ڵاو له دادگه‌ی ناوخۆیی و دادگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی، یانیش له هه‌ندێك وڵات‌دا بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه ئه‌گه‌ر دادگه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له داهاتوودا دروست بكرێت، زۆر جار لیژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌م بابه‌ته پێك ده‌هێنرێت.
کرمانج عوسمان سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕ‌اكێشا، له‌وه‌ته‌ی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق له ماوه‌ی 100 ساڵی ڕابردوودا، جینۆساید وه‌كوو نه‌خۆشییه‌كی بۆماوه‌یی ماوه‌ته‌وه و ماوه ماوه دووباره ده‌بێته‌وه.
ناوبراو ڕوونی كرده‌وه كه ئه‌گه‌ر ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی خۆی بڕیاری دروستكردن و پێكهێنانی یونیتادی بدابووایه ئه‌گه‌ره‌كانی دروستكردن و پێكهێنانی دادگه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی ئاسانتر ده‌بوو، به‌ڵام یونیتاد له بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر بنه‌مای داوای ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش دروست نه‌بووه و به‌ڵكوو ئه‌و ته‌نیا بڕیاری له‌سه‌ر داوه و په‌سندی كردووه و له‌سه‌ر داواكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بووه، بۆیه ڕێگه‌كه بۆ پێكهێنانی دادگه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له باره‌ی كه‌یسی تاوانی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان ئاسان نییه.
کرمانج عوسمان پێی وابوو پێكهێنان و دروستكردنی یونیتاد له‌سه‌ر داوای عێراق كه له ساڵی 2018 له‌لایه‌ن ئیبراهیم جه‌عفه‌رییه‌وه، كه ئه‌و كات وه‌زیری ده‌ره‌وه بوو، ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كرا، گورزێكی كوشنده‌ی له كه‌یسی تاوانی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان دا، چونكه به گوێره‌ی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش بۆ پێكهێنانی یونیتاد سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تاوانه‌كانی داعش له هه‌رێمی كوردستان و عێراق دژ به ئێزدییه‌كان ئه‌نجامی دا تاوانن و مه‌ترسییان بۆ سه‌ر ئاسایش و ئاشتیی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌یه، به‌ڵام ده‌بێت به میكانیزمی ناوخۆیی دادگه‌یی بكرێن، لێره‌دا به‌ربه‌سته یاساییه‌كه بۆ پێكهێنانی دادگه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌م كه‌یسه دروست بوو.