وەزارەتی کارەبا: تا دوو کاتژمێری دیکە دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

وەزارەتی کارەبا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دەست بە گواستنەوەی گاز لە گێلگەی کۆڕمۆڕ بۆ وێستگەکانی کارەبا کرا، دەشڵێت، لە ماوەی دوو كاتژمێری داهاتوودا، قۆناغ بە قۆناغ دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.
ڕاشیگەیاند، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ گواستنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا راوەستا، بەهۆیەوە 2000 مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا کەم بووەوە. لەوبارەوە هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیا دانەگاز کێشەکەیان چارسەر کرد و دەست بە گواستنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا کرا و بڕیارە تا دوو کاتژمێری دیکە دۆخی کارەبا ئاسایی ببێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی کارەبا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە کاتژمێر 9:00ـی بەیانی دانەگاز هەناردەکردنی گازی لە کێڵگەی کۆڕمۆڕەوە وەستاند، بەهۆیەوە 2000 مێگاوات کارەبا لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەوە.
لە راگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کرا، هەردوو تیمی وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕێگەی سەنتەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمەوە لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە و ئاسایی بوونەوەی دۆخی کارەبا.
لەلایەکی دیکەوە ئەندازیار غالب مارف، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە کاتژمێر 9ـی بەیانی ئەمڕۆ، بەهۆی بەهۆی دابەزینی پەستانی گاز لەکۆمپانیای دانەگاز، کوژاندنەوەی گشتی ڕوویداوە، بەمەش بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەتەوە و ناتوانرێت بەرنامەی دابەش کردنی کارەبا جێ بەجێ بکەین.
غالب مارف، ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا زۆرینەی فیدەرەکان کوژاونەتەوە بە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەشەوە، گوتیشی: تا ئەوکاتەی کێشەی دانەگاز چارەسەر دەبێت، ئینجا بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.