هێمن سەید موراد: گەنم و بنەتۆی هەولێر ئەمساڵ هیچ نەخۆشییەکی نەبوو

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر ڕاگەیاند، گەنمی ئەم ساڵی لە هەولێر پاک و نەخۆشی ژەنگ یان پەڵەی ڕەشی نەبوو.
پێنجشەممە، 27ـی حوزەیرانی 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو جۆرە گەنمانەی کە زۆر باون لە کوردستان، بەتایبەت لە پارێزگای هەولێر دەچێنرێن، بریتین لە هەولێر دوو، هەولێر چوار، کۆیە چوار و کۆیە 18، ئەوانە زیاتر دەگونجێن بۆ کردنە ئارد.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "ئەو جۆرە گەنمەی کە زۆر دەگونجێت بۆ ساوار، هەولێر سێیە کارگەکانی بەرهەمێنانی ساوار زیاتر پشت بەو جۆرە بنە تۆیە دەبەستن، بەڵام جۆری هەولێر چوار، ئەمساڵ سەرەڕای گۆرانی کەشوهەوا و بڵاوبوونەوەی چەند نەخۆشییەکی دانەوێڵە، گەنمی هەولێر چوار بەرگرییەکی باشی هەبوو، کەمتر تووشی نەخۆشی بوو، بەدوور بوو لە ژەنگ، پەڵەی ڕەش و ئەوانەی کە دەبنە گرفت لە وەرگرتنیان لە لایەن سایلۆکانەوە".
دەشڵێت: "بەرهەمی گەنمی هەولێر دوو هەولێر چوار ئەمساڵ زۆر سەرکەوتوو بوو، کۆیە چوار و کۆیە 18 لە ڕووی بڕشتەوە بەرهەمێکی باشی هەبوو، ڕێژەیەکی کەمیش ئاوی دەویست، واتە بەڕێژەیەکی کەم ئاو یاخود باران، ئەو جۆرە بنەتۆیانە بەرهەمیان دەبێت، بەتایبەت لەو شوێنانەی کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا ئاو و بارانی کەم دەبێت، ئێمە وەکو خۆمان ئەزموونمان لەسەر ئەو جۆرە بنەتۆیانە هەیە کە بەرگەی کەشوهەوای گەرم دەگرن. بەرهەمەکان هەمەچەشنن خواست لەسەر ئەو جۆرە بەرهەمانە هەیە".
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەش دا، "ئەو بنەتۆیانەی کەوا بازرگانین و بەشێوازی دیکە هاوردە دەکرێن و دێنە هەرێمی کوردستان یاخود بەشێوەیەکی دیکە لە عێراق بە بازاڕ دەکرێن، ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ئەو بەرهەمانەی لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەوانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گشتیی هەولێر دابەشکراون زۆر باشترن. لە بەرهەمە بنەتۆیە بازرگانییەکان، چونکە ئەو بنەتۆیە بازرگانییە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا زۆر بەرگە ناگرن، ئەو جۆرە بۆ کوردستان بەرهەم نەهاتوون و پێویستییان بە ڕێژەیەکی زۆر باران، یاخود ئاودانی بەردەوام هەیە، هەربۆیە کەمتر خواستی لەسەرە".
هێمن سەید موراد، ئەوەشی خستە ڕوو کە "ئەو بنەتۆیانەی کە لە کوردستان زیاتر دەچێنرێن، ئەو بنەتۆیانەن کەوا بۆ بە بازاڕکردنی دانەوێڵە و کردنە ئارد دەگونجێن، چونکە ئەو نرخەی کە لە سایلۆدا بە بازاڕ دەکرێت 850 هەزار دینارە، ئەو نرخە نرخێکی هاندانە بە بەراورد لەگەڵ نرخی دانەوێڵە لەگەڵ بۆرسە جیهانییەکان زۆر زیاترە. بەرهەمهێنانی گەنمیش ئەزموونێکی زۆری ناوێ، تەنیا پێویستی بە ڕێنمایی و هۆشیاریی جووتیاران هەیە".
ڕاشیگەیاند، "ئێمە لای خۆمانەوە بەردەوام ڕێنماییمان بە برا جووتیارەکان داوە، تاکو بەرهەمێکی گونجا و پێویست بەرهەم بهێنن".