لوقمان عەبدولقادر: عێراق کێشە بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دروست دەکات

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە ڕایگەیاند، دوێنێ ئەنجوومەنەکە کۆبوونەوەیەکی جیددی و فراوانی لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت کرد گفتوگۆیەکی چڕ و پڕ کرا. جێگەی خۆشحاڵییە کە سەرۆکی حکوومەت پشتیوانیی خۆی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانیی هەڵەبجە دەربڕی، هەروەها سێ داواکاری سەرەکی پێشکەشی سەرۆکی حکوومەت کرا.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی پارێزگای هەڵەبجە بڕیاری بە پارێزگا بوونی بۆ دەرچوو و مەرسومی سەرۆکایەتیی هەرێمی بۆ دەرکرا، بەڵام بەداخەوە بەهۆی لێکنەگەیشتنی لایەنە سیاسییەکان، نەتوانرا ئەنجوومەنێک بۆ ئەو پارێزگایە دروست بکرێت.
لوقمان عەبدولقادر، گوتیشی: بەهۆی مانەوەی دۆسیەی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، ژمارەیەک چالاکوان و پیاو ماقوڵانی سنوورەکە چەند کۆبوونەوەیەکیان کرد و ئەنجوومەنێک دروستکراوە بۆ پشتیوانیی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و خزمەتکردنی هاوولاتیانی ئەو سنوورە.
دەشڵێت: دوێنێ چوارشەممە، ئەنجوومەنەکە کۆبوونەوەیەکی جیددی و فراوانی لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت کرد گفتوگۆیەکی چڕ و پڕ کرا، جێگەی خۆشحاڵییە کە سەرۆکی حکوومەت پشتیوانیی خۆی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی هەڵەبجە دەربڕی، هەروەها سێ داواکاریی سەرەکی پێشکەشی سەرۆکی حکوومەت کرا.
لە بارەی داواکارییەکانی ئەنجوومەنەکە، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە گوتی: داواکاری یەکەممان بابەتی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە وئەو ڕێکارە یاسایی نەبوو، کە ئێستا بەهۆی نەبوونی پەرلەمان نەتوانراوە بناسێندرێت، ئێستا کە دەبینی پەرلەمانی عێراق شوێنی دیکە بە هەڵەبجە دەبەستێتەوە، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەیە کە بەپارێزگا بوونی هەڵەبجە دوابخرێت یان نەکرێت، یان کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەن.
پاش نیوەڕۆی ڕۆژی 26ـی حوزەیرانی 2024، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازیى له ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە كرد.
شاندەکە، کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجەکانی دروستبوونی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە و هەروەها ژمارەیەک داواکاییان لە پێناو باشتر خزمەتکردنی خەڵکی پارێزگای هەڵەبجە خستە ڕوو، کە یەکێک لە سەرەکیترین داواکارییەکانیان، تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بوو لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە.
ئاماژەشیان بەوە دا، کە کاتی خۆی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی دا کە مایەی پێزانینە.
شاندەکە سوپاسی سەرۆکی حکوومەتیشیان کرد کە لە دوا سەردانیدا بۆ هەڵەبجە، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندی خەڵکی هەڵەبجە دەرکرد.
سهرۆكوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە کە خزمەتکردنی هەموو کوردستان و بەتایبەتیش هەڵەبجە، وەک سیمبولی قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین و هەرچی لە تواناماندا بێت، لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هەڵەبجە دەیکەین.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەکوو پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە دەکات و لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵ و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش لە پەیوەندی بەردەوامدایە تا ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بکەن کە مافێکی ڕەوای خەڵکی هەڵەبجەیە.