نەبوونی ئاو و کارەبا و کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک هاووڵاتییانی کەرکووکی نیگەران کردووە

گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک حەوت ساڵە فەرامۆش کراون و بێ خزمەتگوزارین ، بەتایبەت نەبوونی ئاو و کارەبا و کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک هاووڵاتییانی کوردی نیگەرانکردووە، گەڕەکی پەنجا عەلی کە دانیشتوانەکەی خەڵکی ئاوارەو پێشمەرگەو کەسوکاری شەهیدن وەک خۆیان دەڵێن بەهۆی کوردبوونیانەوە هیچیان بۆ ناکرێت.
ڕۆژانە بەدوای چەند لیترێک ئاوی خواردنەوە وێڵە، زۆرجاریش بە ناچاری بەو پارەی کە کرێکاری پەیدای دەکات ئاو دەکڕێت.
ئەکرەم ئەنوەر، هاووڵاتیی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئاومان نییە و بێ ئاوین، داواتان لێدەکەین فریامان بکەون، کرێکارم و هیلاکم، بەیانی دەڕۆم نیوەڕۆ دەگەڕێمەوە، دەبێت ئاو بکڕم.
گەرەکی پەنجا عەلی، تینووترین گەڕەکی کوردنشینی کەرکووکە.
ڕەزا ستار، هاووڵاتیی دەڵێت، "لەم گەرەکەدا کە ئێمە 400 بۆ 500 ماڵین حەوت ساڵە ئاومان نییە، بەرپرس و شوێن و پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی ئاو نەما ئێمە سکاڵای خۆمانی لێ نەکەین، نووسراوێکم پێێە کە هەمووشتێکم بۆ تەواو کردووە و لای خۆمە پارێزگاری کەرکووک ئیمزای ناکات".
لای خۆیەوە دایکی بەڵێن، هاووڵاتی گوتی، "ژیانمان نییە، سێ مانگە تانکییەکانی سەربانمان ئاویان تێنەچووە، ئاو و ژیانمان نییە، بێزاربووین تاکو بەیانی لەبەر دەرگا دادنیشین بەدیار ئاوەوە، 10 خولەک دێت ئیتر نایەت"
جگە لە ئاو کێشەی کارەباش لە سەرەتای وەرزی هاوین سەری هەڵدا، بەو هۆیەشەوە نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان لەم مانگەوە دوو هێندە زیاد دەبێت.
بێباک ساڵح، خاوەن موەلیدە گوتی: "ئەم مانگە ئێمە زیاتر لە 250 کاتژمێر کارەبامان داوەتە هاووڵاتییان، ڕۆژی وا هەبووەلە 12 کاتژمێر تا 14 کاتژمێر ئێمە کارەبا دەدەین، نرخی ئەمپێری مۆلیدەکان زۆر زیاتر دەبێت لە چاو مانگی پێشووتر، بۆ هەر ئەمپێرێک ڕەنگە نزیکەی 15 بۆ 16 هەزار دینار داوا بکرێت لە مالان"
گەڕەکە کوردییەکان حەوت ساڵە فەرامۆشکراون، بەگوتەی خۆیان جیاوازیان لەگەڵ دەکرێت و دژایەتی دەکرێن.
ئاو و کارەبا وەک مافێکی سەرەتایی هاوڵاتیانی کورد لەم گەڕەکە نییانە، جگەلە کەڵەکەبوونی زبڵ و خاشاک و دەیان کيشەو گرفتی دیکە ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوەو بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.