ماڵی کولتووری هونەرمەند جەلال بەیار کرایەوە

ماڵی کولتووری هونەرمەند جەلال بەیار
ماڵی کولتووری هونەرمەند جەلال بەیار

لە 12مین ساڵیادی کۆچی هونەرمەندی بواری نواندن و شانۆ "جەلال بەیار"ـدا، لە ڕێوڕەسمێکدا ماڵێکی کولتووری تایبەت بە وێنە و یادگار و فیلم و سیناریۆکانی ئەو هونەرمەندە لە گەڕەکی عەرەبی کۆنی هەولێر کرایەوە.

خانە هونەرییەکە جگە لە ئەرشیفی کارە هونەرییەکانی ئەو هونەرمەندە، وێنەی کەسایەتیە هەولێرییەکانی قەڵا و منارە و قەیسەری هەولێری لەخۆوە گرتووە.

لای خۆیەوە هونەرمەند "جەمال دیلان" دوای خانەنشین بوونی ئەرشیفی ئەو هونەرمەندە و کەسایەتیانەی لە پێشانگایەکی تایبەت بە یادی "جەلال بەیار" نمایشکرد و لە ئاخاوتنێکی بۆ کوردستان24یش گوتی، "بەرامبەر بەو یادە غەمگینەی برا و هونەرمەندە باڵابەرزە شیک پۆشەکەی نێو بواری شانۆ هەڵسام بە کردنەوەی ماڵێکی هونەریی بۆ کۆکردنەوەی ئەرشیف و کارە هونەرییەکانی، کە ساڵانێکی زۆر لە خزمەتی هونەری شانۆ و سینەما و درامادابووە، ئێستەش پێ دەنێینە نێو 12مین ساڵیادی کۆچی ئەو هونەرمەندە، بۆیە بڕیارمدا لەگەڵ کردنەوەی ماڵە کولتوورییەکە پێشانگایەکی فۆتۆگرافی تایبەت بە کارەکانی بەیار و کەسایەتیە هەولێرییەکان بکەینەوە.

جێگەی باسە، هونەرمەند جەلال بەیار لە ساڵی 1947 لە هەولێر لە دایکبووە و لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بەشداری لە شانۆگەریی و زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکاندا کردووە. لەوانەش "چڵپاو، مەم و زین، خاتوو کڵاوزەر، هەبوو نەبوو، تاپۆ حەقی چیە، کەونە دەرکە".

یەکەم بەرهەمی تەلەڤزیۆنی کە بەشداری تێداکردووە بەرهەمی مارەیی بووە، دوایین کاریشی بەشداریکردن بوو لە بەشی سێیەمی زنجیرە درامای گەردەلول، بەڵام مەرگ ڕێگەی پێنەدا ڕۆڵەکەی لەو زنجیرەیە تەواوبکات. هەر بۆیە ڕۆژی 27-06-2012 لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.