سەرۆکی پارتی کرێکارانی ئیسرائیل: ناتانیاهۆ مەترسی لەسەر وڵات دروست دەکات

یائیر جۆلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی ئیسرائیل
یائیر جۆلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی ئیسرائیل

سەرۆکی پارتی کرێکارانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەسەرۆکایەتی بنایامین ناتانیاهۆ و حکوومەتە شکستخواردووەکەی مەترسی لەسەر وڵات دروست دەکەن، داوای کرد دەستبەجێ هەڵبژاردنی گشتی بکرێت.

یائیر جۆلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی ئیسرائیل، دەڵێت: "حکوومەت هانی لکاندنی ملیۆنان فەڵەستینی دەدات و ئەمەش زیان بە داهاتوومان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی کۆتایی هاتنی خەونی زایۆنیستی".

جۆلان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ناتانیاهۆ، بەنیازی ئەوە نییە بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و بڕوات، داوای کرد ناڕەزایەتی مەدەنی چڕتر بکرێتەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە ناچاری بکرێت.

جۆلان دەشڵێت، "هەر کەسێک بە شێوەیەکی سیستماتیکی زیان بە ئاسایشی ئیسرائیل بگەیەنێت، شایەنی ئەوە نییە ببێتە سەرۆک وەزیران، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لیجنەی لێکۆڵینەوە لە پرسی ژێردەریاییەکان، بەڵگەی زیاتری لەسەر بێتوانایی نەتانیاهۆ لە بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەتدا پێشکەش کردووە".

لێجنەی لێکۆڵینەوەکە نامەی هۆشداری بۆ ناتانیاهۆ و چوار بەرپرسی دیکەی ناردووە، لەنێویاندا موشێ یەعالۆن، وەزیری بەرگری پێشووی ئیسرائیل و یۆسی کۆهین، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، بە گومانی تێوەگلانیان لە دۆسیەی گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل بۆ تێپەڕاندنی ڕێککەوتنێک بۆ کڕینی ژێردەریایی و کەشتییە جەنگییەکانی کۆمپانیایەکی ئەڵمانی لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2016دا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، یائیر لپێد، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل، داوای دەستلەکارکێشانەوەی لە ناتانیاهۆ کردووە، گوتی، "مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل دروست دەکات"، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە "ناتانیاهۆ مەترسییە بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل، مەترسییە بۆ سەر هاووڵاتیانی وڵاتەکە و شایستە نییە". بۆ ئەوەی وەک سەرۆکوەزیران خزمەت بکات".

هەروەها ناوبراو تۆمەتباری کرد بە "بەڕێوەبردنی حکوومەتێکی شکستخواردوو، لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەرەوە، جا لە باکوور بێت یان باشوور"، جەختیشی لەوە کردەوە کە "دەبێت ناتانیاهۆ بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی".