دامەزراوە داراییەکان: نرخی مسقاڵێک زێڕ بۆ زیاتر لە 600 هەزار دینار بەرز دەبێتەوە

زێڕ
زێڕ

دامەزراوە دارییەکانی جیهان بەردەوامن لە پێشبینیکردنی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ، هەر یەکە لە بانکەکانی ئۆف ئەمەریکا و سیتی بانک، پێشبینی دەکەن نرخی زێڕ بگاتە سێ هەزار دۆلار و لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش بە نرخی ئەمڕۆی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار نرخی هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 دەگاتە 615 هەزار دینار.

ڕاپۆرتێکی بانک ئۆف ئەمەریکا، دەری دەخات، بە کەمکردنەوەی ڕێژەی سووی بانکی و دروستبوونی نادڵنیایی بەهۆی بەرزبوونەوەی قەرەزەکان، ڕەنگە نرخی زێڕ لە 12 بۆ 18 مانگی دیکە بەرز بکاتەوە بۆ سێ هەزار دۆلار، هاوکات سیتی بانک ڕایدەگەیەنێت، زێڕ لەسەرووی ئاستەکان دوو هەزار بۆ دوو هەزار و 200 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک پشتگیریی دەکرێت، پێشبینی دەکات تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ زێڕ بگاتە بەرزترین ئاستی مێژوویی و دواتر لە ساڵی 2025 بگاتە سێ هەزار دۆلار.

بانک ئۆف ئەمەریکا هاوشان لەگەڵ سیتی بانک هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ چەند هۆکارێکی سەرەکی گەڕاندەووە، لەوانە:

بەرزبوونەوەی خواست بە مەبەستی وەبەرهێنان

مايكڵ ويدمر، ستراتیجیستی کاڵا لە بانک ئۆف ئەمەریکا، ڕایدەگەیەنێت داهاتووی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بەندە بە بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کانزاکە بە مەبەستی وەبەرهێنان بە تایبەت لە دەرئەنجامی کەمکردنەوەی ڕێژەی سووی بانکی ئەمەریکا. ڕاشیدەگەیەنێت، خواست لەسەر سندووقەکانی وەبەرهێنانی زێڕ بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک بۆ یەکەمین جار دوای 12 مانگ هاتنی وەبەرهێنەران بۆ سندوقەکانی وەبەرهێنانی زێڕ ئەرێنی بووە و لە مانگی ئایاردا گەیشتووەتە 3,087.9 تۆن زێڕ.

 مايكڵ ويدمر ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ بەردەوامی کورتهێنانی بودجەی ئەمەریکا و بەرزبوونەوەی قەرزەکان بازاڕی قەواڵەکانی ئەمەریکا دووچاری چەند شۆکێکی دیکە دەبێتەوە.

پشتگیریی بەردەوامی بانکە ناوەندییەکانە بۆ کڕینی زێڕ

ڕاپۆرتەکەی “بانک ئۆف ئەمەریکا” ئاماژەی بەوەش کردووە، کڕینی زێڕ لە لایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهان وەک هۆی سەرەکی بۆ پاڵپشتیی نرخی زێڕ دەمێنێتەوە. ساڵی رابردوو بانکە ناوەندییەکانی جیهان بە کۆی گشتی 1,037 تۆن زێڕیان بۆ یەدەگەکانیان زیاد کردووە هەرچەندە بەراورد بە 2022 کە 1,082 کەم بووەتەوە، بەڵام بە گوێرەی دوواین ڕاپرسی ئەنجوومەنی جیهانی زێڕ خواستی بانکە ناوەندییەکان بۆ کڕینی زێڕ لاواز نەبووە، 29% بانکە ناوەندییەکان رایدەگەیەنن لە پلانیاندایە لە 12 مانگی داهاتوو زێر بۆ یەدەگەکانیان بکڕن. سیتی گروپیش ئاماژە بەوە دەکات، خواست لەسەر زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکان بەهێزە بەتایبەت بانکی ناوەندیی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو.

یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا لە کەمکردنەوەی ڕێژەی سووی بانکی نزیک دەبێتەوە

هەرچەندە لەگەڵ هەر ڕاگەیاندنێکی ڕێژەی هەڵاوسان لە ئەمەریکا، پێشبینییەکان بۆ ڕێژەی سووی بانکی لەو وڵاتە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەڵام بەهۆی فشارە ئابووریەکانەوە پێدەچێت یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا ڕێژەی سووی بانکی کەم بکاتەوە، ئەگەر چی بەرزکردنەوەی ڕێژەی سووی بانکی بۆ بەرزترین ئاستی زیاتر لە 20 ساڵی رابردوو هێشتا نەیتوانیووە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان سنووردار بکات و لەسەرووی ئامانجەکەی ماوەتەوە، سیتی بانک پێشبینی دەکات لە لە کۆتایی نیوەی دووەمی ئەمساڵ ئابووریی ئەمەریکا بچێتە پاشەکشەوە کە دابەزینی دەسهاتی قەواڵەکانی ئەمەریکا بەرزبوونەوەی نرخی زێڕی لێ بکەوێتەوە.