عێراقییەكان بە دروشمێك هاندەرانی كوێت و ئوردن دەترسێنن

هەڵبژاردەی عێراق لە دوایین یاریی پاڵاوتنەكان بەرامبەر ڤێتنام
هەڵبژاردەی عێراق لە دوایین یاریی پاڵاوتنەكان بەرامبەر ڤێتنام

دوای ئەوەی لە قۆناغی پاڵاوتنەكانی مۆندیال كەوتنە هەمان كۆڵە، هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق، ئوردن و كوێت لە ئیستاوە جەنگی دەروونیان لە دژی یەكتر دەستپێكردووە، ئەم بابەتە لە سۆشیاڵ میدیا بووەتە ترێند و زۆرترین كاردانەوەی لێكەوتووەتەوە.
دوای ئەوەی لە شاری كوالالامپۆری پایتەختی مالیزیا تیروپشكی قۆناغی كۆتایی پاڵاوتنەكان بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 راكێشرا، لە كۆمەڵەی دووەم هەڵبژاردەكانی عێراق، كوێت، ئوردن، كۆریای باشوور، عومان و فەڵەستین كەوتنە یەك كۆمەڵە.
هاندەرانی عێراق بۆ ترساندنی ئەو هەڵبژاردانەی لە پاڵاوتنەكانی مۆندیالی سەردانی یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی دەكەن هاشتاگی (گەراج حوێدر)ـیان بڵاوكردەوە، ئەم دروشمە لە زنجیرەیەكی درامای جیهانییە بە ناوی (عالم الست وهيبة) دا هاتووە، ئەم درامایە بینەرێكی زۆری لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی و وڵاتانی عەرەبی هەیە كە تێیدا گەراجی حوێدر لەو درامایە بنكەی مافیا و چەتەكانە و هەر كەسێك رۆیشتبووایە ئەو شوێنە رزگاری نەدەبوو، بۆیە عێراقییەكان یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتیان بە گەراج حوێدر چوواندووە بە واتای ئەوەی هەر هەڵبژاردەیەك رووبكاتە ئەو یاریگەیە دەبێت بەشكستەوە جێیبهێڵێت.

یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە
یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە

 

ئەمەش لە كاتێكدایە لەوەتەی یاریگەی (جزع ئەلنەخلە) لە بەسرە كراوەتەوە هەڵبژاردەی عێراق لەو یاریگەیە هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە، ئەمەش حاڵەتێكی گەشبینی لای هاندەران عێراق دروست كردووە كە بۆ دووەمجار لە مێژووی وڵاتەكەیان بگەنە مۆندیال.
لە لایەكی دیكەیشەوە هاندەرانی كوێت لە پلاتفۆرمەكان هاشتاگی "گەراجی سویلە"ـیان بڵاو كردەوە و هەمان دروشمان لە یاریگەی (جابر ئەحمەد) بەرز كردەوە كە بڕیارە كوێتییەكان لەو یاریگەیە میوانداریی عێراق بكەن.
لە لایەكی دیكەیشەوە هاندەرانی ئۆردنیش هاتنە دەنگ و وەڵامی پۆست و هاشتاگی عێراقییەكان لە سۆشیاڵ میدیا دەدەنەوە و هاشتاگی "گەراجی ئەلتەعمەر"ـیان بڵاوكردووەتەوە وەكو ئاماژەیەك بۆ بردنەوەی ئوردن لە عێراق لە قۆناغی 16ـی جامی ئاسیا.
قۆناغی پاڵاوتنەكانی كیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بەسەر سێ كۆمەڵەدا دابەشبوون، هەر كۆمەڵەیەك شەش وڵات لەخۆدەگرێت، یەكەم و دووەمی هەر یەكێك لەم گرووپانە راستەوخۆ بۆ مۆندیالی 2026 سەردەكەون، دووەم و سێیەمەكان دابەش دەبنە سەر دوو كۆمەڵە، یەكەمەكان راستەوخۆ بۆ مۆندیال سەردەكەون. دووەمەكانیش رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە و براوەیان دەچێتە پلەی ئۆف رووبەڕووی یەكێك لە هەڵبژاردەی كیشوەرەكانی دیكە دەبێتەوە.
مۆندیالی 2026 كە بە هاوبەشی ئەمریكا، كەنەدا و مەكسیك میواندارییان كردووە بۆ یەكەمجار بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە یارییەكان بەڕێوە دەچن، كیشوەری ئاسیا 8 كورسی و نیوی بۆ تەرخان كراوە.

.