پارێزگاری هەولێر: نەخشەی ئاوەدانیی شارەکان یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانی حکوومەت

ئومید خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومید خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بەرەو پێشبردنی نەخشەی ئاوەدانیی یەکێک لەکارە لە پێشینەکانی حکوومەتە، هەروەها پشتێنەی سەوز یەکێکی دیکەیە لە نەخشەکانی ئاوەدانی شاری هەولێر، کە جگە لە پارێزگاریی ژیانی هاووڵاتیان، دەبێتە هۆیەکیش بۆ ڕووبەڕوونەوەی گۆڕانەکانی کەشوهەوا.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسی نەخشەدانانی ئاوەدانی کە لە هەولێر بەڕێوەچوو ڕایگەیاند، بەرەو پێشبردنی نەخشەی ئاوەدانی یەکێکە لەکارە لە پێشینەکانی حکوومەت و تێڕوانینەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.

ئاماژەی بەوەش دا، بایەخدان بە نەخشەی ئاوەدانی و گەشەی شارەکان، دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی کوالێتیی ژیان بۆ هاووڵاتیانی شارەکان؛ بەتایبەتی لە هەولێر، کە هیوادارین لە هەندێک بوار ئاوڕێکی جیددی لێ بدرێتەوە، هەروەها پارێزگاریکردن لە شوێنەوارەکان و نۆژەنکردنەوەی قەڵا، چونکە شوێنێکی مێژووییە و هەروەها دەرەچەیەکە بۆ کوردستان بۆ ئەوەی بتوانرێت زۆرترین گەشتیار سەردانی ئەو شوێنە بکات.

ئومێد خۆشناو گوتیشی: پشتێنەی سەوز یەکێکی دیکەیە لە نەخشەکانی ئاوەدانی شاری هەولێر، کە جگە لە پارێزگاریکردنی لە ژیانی هاووڵاتیان، دەبێتە هۆیەکیش بۆ ڕووبەڕوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، هەروەها بۆ دروستکردنی ڕێڕەوی پایسکیلسواری ئێستا لە قۆناغی سەرەتاییداین.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، یەکەمین کۆنفرانسی نەخشەدانانی ئاوەدانی ساز دەکات و لە گوتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکەشدا، وەزیری شارەوانی ڕایگەیاند، کۆنفرانسەکە ئامانجگەلێکی هەیە، لەنێویاندا پێشخستن و ڕێکخستنەوەی شارو شارۆچکەکانە بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.

هەروا گوتیشی: ئەمە چوارەمین کۆنفرانسی تایبەتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە بۆ کەرتە گرنگەکانی وەزارەتی ساز دەدرێت. پێشتر، کۆنفرانسی ڕێکخستنەوەی داهات، کۆنفرانسی شوێنەوار، کۆنفرانسی هەڵسانەوەی گەشتوگوزار لە دوای کۆرۆنا ساز کراوە. هەروەها ئەم کۆنفرانسەی نەخشەدانانی ئاوەدانی هەوڵ و کۆشش و شەونخونی پێنج ساڵەی شارەزایانی ئەم بوارە سەرچاوەی گرتووە لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری نەخشەدانانی ئاوەدانی.