داعش هێشتا لە عێراق و سووریا بوونی هەیە
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێسی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا بەبۆنەی دەیەمین ساڵیادی ئەوەی پێی دەوترێت "ڕاگەیاندنی خەلافەت" لە مزگەوتی نوری لە موسڵ، ڕایگەیاند کە داعش هێشتا لەسەر زەوی لە عێراق و سووریا بوونی هەیە، بەڵام چیتر ناتوانێت نە شار و نە گوندێک داگیر بکات، جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی ڕاوێژ و هاوکاریی سەربازیی کە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکاوە پێشکەش بە هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکرێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو شانە تیرۆریستیە زیندوو نەبێتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەمەریکییەی بڵاوبووەتەوە، دە ساڵ دوای ڕاگەیاندنی "خەلافەت" لە بەشێکی گەورەی عێراق و سوریا، تیرۆریستان ئێستا کۆنترۆڵی هیچ ناوچەیەک ناکەن و زۆرێک لە سەرکردە باڵاکانیان لەدەستداوە و ڕێکخراوەکە لە دەرەوەی سەرنجی هەواڵە جیهانییەکانە.
مەترسیی شانە نووستووەکان
لەگەڵ ئەوەشدا ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێکخراوەکە تا ئێستاش خەڵک دێنێتە ڕیزەکانی خۆی و بەرپرسیارەتی خۆی لە هێرشە خۆکوژییەکان لە سەرتاسەری جیهان ڕادەگەیەنێت بە ئێران و ڕووسیاوە کە دەیان کوژراوی لێ کەوتووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی شانە نووستووەکانیان لە عێراق و سووریا هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی حکوومەت لەو دوو وڵاتە و ئەو جەنگاوەرە کوردانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتیوانیان دەکات، لە کاتێکدا ئێستا حکوومەتی عێراق لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە گفتوگۆدایە بۆ کشاندنەوەی هێزەکانیان لە عێراق.
لە ڕاپۆرتەکەدا فەرماندەی گشتی هێزی ئەرکی هاوبەش جەنەڕاڵ جەی بی فۆل گوتی " داعش تا ئێستاش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی" و دەڵێت "ئێمە پێداگرین لەسەر هێزی خۆمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و لەناربردن هەر پاشماوەیەکی داعش کە پشتیوانی لە بیر و ئایدۆلۆژیای داعش دەکەن.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، لقەکانی داعش لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، هێزێکی لەسەر ئاستی جیهان دروست کرد، بەتایبەتیش لە ئەفریقا و ئەفغانستان، بەڵام پێدەچێت سەرکردایەتی گروپەکە لە سوریا بێت، گەڕان بەدوای ئەو چوار سەرکردەیەی داعش بەردەوام بوو کە لە ساڵی 2019 ەوە لە سوریا کوژران.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، ئەبوبەکر بەغدادی ساڵی 2003 لە ڕێکخراوی قاعیدە جیابووەتەوە و دەستی بە ڕووبەڕووبوونەوە کرد لەگەڵ لقێکی ڕێکخراوەکە لە سووریا بەناوی(جبهة النصرة)، دواتر لە سەرەتاکانی حوزەیرانی 2014، دەستی بەسەر شاری موسڵدا گرت کە دووەم گەورەترین شاری عێراقە و دەروازەیەکی سنووری لەنێوان ئەو ناوچانە کردەوە کە کۆنتڕۆڵی کردبوون لە عێراق و سووریا.
هەروەها ڕاپۆرتەکە دەری خستووە کە ئەبوبەکر بەغدادی لە 29ـی حوزەیرانی 2024، بەجلێکی ڕەش دەرکەوت بۆ گوتاردان لە مینبەری مزگەوتی(النوري) لە موسڵ و لەوێ خەلافەتی ڕاگەیاند و داوای لە موسڵمانانی سەرتاسەری جیهان کرد بەیعەتی پێ بدەن و وەک ڕێبەرێک بۆخۆیان ئەژماری بکەن، بەو شێوەیە ڕێکخراوەکە ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شامی لەخۆی نا.
لە زەرقاوی بۆ بەغدادی
ڕاپۆرتەکە دەگێڕێتەوە، ئەفسەری خانەنشینکراوی ئەمەریکا مایڵز کاکێنز کە لە هەمان کاتدا توێژەرە لە پەیمانگای نیولاینزی ئەمەریکا دەڵێت، گوتارەی بەغدادی درێژکراوەی بیری توندڕەوی ئەبو موسعەب زەرقاوی بوو کە ڕێبەری ڕێکخراوی قاعیدە بوو لە عێراق، زەرقاوی لە هێرشێکی ئەمریکادا ساڵی 2006 کوژرا، دەشڵێت، گوتارەکەی بەغدادی ئێستاش هانی ئەندامانی داعش دەدات لەسەر ئاستی جیهاندا.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەو تاوانانە کردووە کە دەوڵەتی ئیسلامی لەو کاتەدا ئەنجامی داوە، تیشکی خستووەتە سەر ئەوەش کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە پێکهاتووە لە 80 دەوڵەت و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەرکردایەتییان دەکات، بەردەوام هێرش دەکاتە سەر پێگەی چەکدارانی داعش لە عێراق و سووریا.
ڕایگەیاندووە، شەڕ لەگەڵ ئەو گرووپە تیرۆریستییە ساڵی 2019 کۆتایی هاتووە کاتێک هێزەکانی سووریای دیموکرات شارۆچکەی باغوزیان لە رۆژئاوای سووریا کۆنتڕۆڵ کردەوە، ئەو شارۆچکەیەی دوا زەوی بوو لەدەست و ژێر کۆنتڕۆڵی چەکدارانی داعش، لەگەڵ ئەوەی ڕێکخراوەکە پێشتر لە عێراق تەممووزی 2017 شکستی هێنا و هێزەکانی عێراق شاری موسڵیان کۆنتڕۆڵ کردەوە، لە سووریاش ئەو کاتەی هێزەکانی سووریای دیموکرات توانیان شاری ڕەقەی پایتەختی ڕێکخراوەکە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.
هەزاران تیرۆریست
لەگەڵ ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا داعش خاوەنی پێنج بۆ حەوت هەزار چەکدارە لە عێراق و سووریا، بەڵام بەرپرسانی حکوومی و سەربازیی عێراق دەڵێن کە ڕێکخراوەکە لەوە لاوازتر بووە بتوانێت سەر هەڵبداتەوە.
لیوا حەسەن خەفاجی لە سووپای عێراقی دەڵێت: داعش ناتوانێت ئاماژە بەوە بکات کە خەلافەتەکەی ماوە، چونکە توانای سەرکردایەتیی کردن و کۆنتڕۆڵکردنی هیچ شوێنێکی نەماوە.
خەفاجی دەشڵێت، داعش ئێستا پشت بە شانە نووستووەکان دەبەستێت کە لەنێو ئەشکەوتەکان و بیابانەکان و ناوچە دوورە دەستەکان خۆیان حەشار دەدەن، هێزەکانی عێراقیش بەدوایانەوەن.
ئەو ئەفسەرە عێراقییە ئاماژە بەوە کردووە، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، هێزەکانی عێراقی 35 هێرشی ئاسمانیان دژی داعش ئەنجام داوە و 51 چەکداریان لەو گرووپە کوشتووە.
لە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، گوتەبێژی دەزگای ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر سەباح نوعمان دەڵێت، داعش لەو کاتەی کۆنتڕۆڵی عێراقی لەدەستدا، بۆیە ئێستا تیشکی خستووەتە سەر ئەفریقا، دووپاتیشی کردووەتەوە کە داعش ناتوانێت گوندێکیش داگیر بکات لە عێراق.
بەپێی قسەی نوعمان، ئەو هاوپەیمانیەتەی کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەرکردایەتیی دەکات، بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ چاودێریی و هاوکاریی کردنی هێزەکانی عێراق بە زانیاریی هەواڵگریی، هێزە ئەمنییەکانیش بەپێی ئەو زانیاریانە هەڵسوکەوت دەکەن.