لە زیقار باڵندەکانیش کۆچ دەکەن

نەبوونی خزمەتگوزاری و پشتگوێخستنی داواکاریی ھاووڵاتییانی سنووری پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق، بووەتە سەرچاوەی ناڕەزایی دەربڕین و کەمتەرخەمییەکان دانیشتووانی شارۆچكەی غەڕافیان ناچار کردووە پەیتا پەیتا شارەكەیان چۆل بکەن.
شارۆچکەی غەڕاف، لە پارێزگای زیقار ئه‌و شاره‌ی پێشتر به‌هۆی سروشته جوانه‌كه‌یه‌وه بووبووه ئاوازی ده‌یان گۆرانی و مەقامی عەرەبی لە نێو هونەرمەندانی باشووری عێراق، ئێستا به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌وه به‌ده‌ست ده‌یان كێشه‌وه گرفتارە.
ساڵانەش چەندین ملیار دۆلار لە بودجەی گشتیی عێراق، لە پەرەپێدانی پارێزگاکان و ئاوەدانکردنەوە و زیادکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ته‌رخان دەکرێت، کەچی ئێستە لەو شارە، کات بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە ژێرخانەکەی هەڵتەکاوە و لە زۆربەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش بێبەشە و نەک تەنیا دانیشتووانەکەی، بەڵکو باڵندەکانیش لە شارە بێ دەرەتانە کۆچ دەکەن.
هەر دانیشتووێکی غەڕاف بدوێنی، قسەکانی پڕن لە گلەو گازندە و دەڵێت: گەندەڵیی تەنگی بەخەڵک هەڵچنیوە و شارەکەشی کردووەتە کەلاوە. هەر هەمووشیان داوای كۆتاییهێنان به نه‌هامه‌تییه‌كانیان له ده‌سه‌ڵاتداران دەكه‌ن.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی غەڕاف دەڵێت "ئه‌و ملیاران دۆلاره‌ی بۆ قه‌زای غه‌ڕاف له بودجه‌كاندا ته‌رخان كرابوو، شارێكی ته‌واوی پێ دروست ده‌كرا، به‌ڵام نازانین هۆی ئەو سامان بە هەدەر دانە چییە؟ ئه‌وه‌تا پاشماوه‌ی زبڵ و خاشاك له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان یه‌ك مه‌تر به‌رزبوونه‌ته‌وه".
هاووڵاتییەکی دیکەش دەڵێت "داواكارییه‌كانمان ساده و سه‌ره‌تایین، ته‌نیا داوای خزمه‌تگوزاری و شه‌قام و كاره‌با و ئاوه‌ڕۆ ده‌كه‌ین، هه‌موو ئه‌مانه تا ئێستا بۆمان نه‌كراوه، بۆیه داوای چاره له حكوومه‌تی خۆجێیی و پارێزگار ده‌كه‌ین".
له گه‌ڕه‌كی حوڕییه کە دەکەوێتە ناوەندی شارەکە، وێڕای چه‌ندین به‌ڵێنی بە باقوبریق، به‌ڵام هێشتا دانیشتووانی گەڕەکە چاوه‌ڕێی دیداری به‌رپرسانن و به‌ده‌ست بێ خزمه‌تگوزارییه‌وه گرفتارن، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنیی له‌سه‌ر ژیانی ڕۆژانه‌ی خەڵکەکە دروست كردووه. له كاتێكدا ئه‌و شاره به چه‌ندین سامانی سروشتی ده‌وڵه‌مه‌نده، به‌ڵام بۆیان نەبووەتە مایەی خێر و خۆشی.
دانیشتووێکی دیکەی شارۆچکەی غەڕاف دەڵێ "نه شه‌قام هه‌یه و نه ئاو، ئه‌مه تا ئێستاش جۆگه‌له‌مان هه‌یه، هه‌ر كه‌سه و جۆگه‌یه‌كی له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی لێداوه و ئاوه‌كه‌ی پێدا ده‌ڕوات، ئه‌و گه‌ڕه‌كه هیچ شتێكی بۆ نه‌كراوه".
هەروەها هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت "ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانمان جێبه‌جێ نه‌كه‌ن، به‌دڵنیاییه‌وه هه‌ڵوێستی توندتر نیشان ده‌ده‌ین و له‌كاته‌كانی داهاتوودا ئه‌وه ده‌ده‌ین".
زۆربه‌ی شارۆچکە و شارەدێکانی سنووری پارێزگای زیقار به‌هۆی خراپی خزمه‌تگوزاری و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی حكوومه‌ته‌وه گیریان خواردووه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی گردبوونەوەی جەماوەریی لە شه‌قامەکان و به‌رزبوونه‌وەی ده‌نگی ناڕه‌زایی.