بەسرە.. لە مانگێکدا 10 کەس لە ئەنجامی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە گیانیان سپاردووە

ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە بەسرە
ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە بەسرە

زۆریی ئاگرکەوتنەوە لە بەسرە و بوونە هۆی گیانسپاردنی 10 کەس لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، وای لە خەڵک کردووە زیاتر ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوە بکڕن.

هاووڵاتییانی بەسرە دەڵێن، ئامێری ئاگرکوژێنەوە دەکڕن و خۆیان هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکان دەدەن، چونکە هەندێک جار گەیشتنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە کاتی خۆیدا ناگەنە شوێنی ڕووداوەکان .

زیاتر لە 400 پرۆژەی جیاواز لە پارێزگای بەسرە مەرجەکانی سەلامەتییان تێدا نییە؛ 60 لەو پرۆژانە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرەوە فرمانی داخستنیان بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام بەهۆی نادیار، هێشتا دانەخراون.

نەبوونی هۆشیاریی بەشێکی زۆری خاوەن پرۆژەکان و هاووڵاتییانی پارێزگاکە، وای کردووە ژیانی دەیان کەس بکەوێتە مەترسییەوە، بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و ناسەقامگیریی دۆخی کارەبا کە بوونەتە هۆی گیانسپاردنی 10 کەس تەنها لە یەک مانگدا.

تاڵب حریشاوی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی بەسرە گوتی، "هەمووان دەزانن هاوینی ئەمساڵ بەهۆی گەرماوە دۆخێکی نائاسایی دروست بووە، هەرلەبەر ئەوە پێویستە بەرگریی شارستانی و هاووڵاتییانیش ئامادەکاریی بۆ ئەم گەرما بەتینە بکەن. 10 تیممان بۆ زیادکردنی هۆشیاریی سەبارەت بەڕووداوەکان بڵاو کردووەتەوە، هێزەکانمان  بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ڕووداوێک، بەردەوام لە ئامادەباشیدان".

خاوەن دووکانێک دەڵێت، "وەک دەزانن هەوای بەسرە زۆر گەرمە، ڕۆژانە ئاگر دەکەوێتەوە. پێش ئێستا ئۆتۆمبێلێک لێرەدا سووتا و هیچ کەرەستەیەکی ئاگرکوژێنەوەی پێ نەبوو. لە دوای ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە خەڵک زیاتر دێن ئامێری ئاگروکوژێنەوە دەکڕن، چونکە نرخەکەی هەرزانە و لەنێوان 10 بۆ 20 هەزارە".

فرۆشیارێکی ئامێری ئاگرکوژێنەوەش ئاماژە بەوە دەدات، " خەڵک زیاتر لە هاویندا ئامێری ئاگرکوژێنەوە دەکڕن، بەتایبەتی لەو کاتانەی هەوا زۆر گەرمە و پلەی گەرما دەچێتە 50 پلە. ئەو شوێنانەی زۆر گڕ دەگرن بریتین لە چێشتخانەکان و ئۆتۆمبێلەکان. ئامێری ئاگرکوژێنەوەکان قەبارە و نرخیان جیاوازە، لە یەک کیلۆوە هەمانە تا 12 کیلۆ، نرخەکان لەنێوان 10 بۆ 30 هەزاردان و دوای پێنج ساڵ بەسەردەچن".

دووکانەکانی تایبەت بە فرۆشتنی ئامێری ئاگرکوژێنەوە خەڵک زۆر سەردانیان دەکات، بەتایبەتی لە دوای  ئەو ئاگرکەوتنەوانەی روویان دا، هاووڵاتییان دەیانەوێت خۆیان هەوڵی رووبەڕووبوونەوەی ئاگرەکان بکەن تا ئەو کاتەی تیمی بەرگریی شارستانی دەگات.