بەغدا؛ وەبەرهێنێک دەیەوێت کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێی بڕوخێنێت

لە بەغدا وەبەرهێنێک دەوێت کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون بڕوخێنێت و دانیشتوانەکەشی ناڕازین.
سێشەممە، 2ـی تەمووزی 2024، وەبەهێنەرێک دەیەوێت کۆمەڵگەی نشتەجێبوونی ئەبو فەزل لە ناوچەی شەعبی بەغدا، کە لە زۆر خزمەتگوزاری بێبەشە، بڕوخێنێت؛ دانشتوانەکەشی هاتوونەتە بەردەم ناوچەی سەوز، ناڕەزایەتی دەرەبڕن.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی ئەو کۆمەڵگایە بە کوردستان24 دەڵێت، "ئێمە کە سوودمەندانی ئەو پڕۆژەیە بووین، داوامان لێ کراوە کە خانووەکان ڕادەست بکەین؛ ئێستەش ئێمە کە خۆپیشاندانمان کردووە داوای گۆڕینی وەبەرهێنەکە دەکەین و داوای لێکۆڵینەوە لە دەستەی وەبەرهێنەران دەکەین، چونکە ئەوەی کۆمەڵگەکەی داوە بە وەبەرهێنەرەکە وەبەرهێنەرەکە هیچ خزمەتگوزارییەکی نەکردووە و جێبەجێشی نەکردووە.
ڕاشیگەیاند: "ژمارەی ئەو خانووانەی لەم کۆمەڵگەیە دروستکراون نزیکەی هەزار و 250 خانوون و هەمووشی هاووڵاتیی تێدایە. با بڕۆن لیژنەیەک پێک بهێنن سەیری خزمەتگوزارییەکان بکەن، تێنەگەشتین هۆی ڕادەستکردنەوەی خانووەکان چییە؟! وەبەرهێنەکە هاتووە بەڵگەیەکی لە شارەوانییەوە هێناوە دەڵێت ئەم کۆمەڵگەیە کێشەی وەبەرهێنانی هەیە و بە فەرمیش لەسەر دەستەی وەبەرهێنان تۆمار نەکراوە، بۆیە دەبێت خانووەکان چۆڵ بکەن! باشە هەزارو 250 ماڵ بۆکوێ بچێت؟ کە هەموومان بە ڕەنجی شانی خۆیان خانوویان کڕیوە و ڕێککەوتنیش کراوە کە هیچ کێشەیەکی یاسایی نەبێت لەلایەن دەستەی وەبرهێنانەوە بۆمان".
هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت "پێنج ساڵە یاریمان پێ دەکەن، پێنج سالە خانوومان کڕیوە بەڕەنجی شانی خۆمان و هیچ خزمەتگوزارییەکیشی تێدا نییە، ئێستەش داوامان لێکراوە لەسەر مافی خۆمان و خانووی خۆمان چۆڵ بکەین و ڕادەستی ئەوانیان بکەینەوە".