هۆکاری گریانەکەی رۆناڵدۆ ئاشکرا بوو
هەردوو هەڵبژاردەی پۆرتوگال و سلۆڤینیا، لە قۆناغی شازدەی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024 رووبەڕووی یەکتری بونەوە، لەو یارییە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە کاتی ئاسایی یارییەکە لێدانێکی سزای فەوتاند، بەڵام لە کۆتاییدا هەڵبژاردەکەی سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
یارییەکەی نێوان پۆرتوگال و سلۆڤینا کاتی ئاسایی بەبێ گۆڵ کۆتایی هات، لە خولەکی 105 نابژیوان لێدانێکی سزای لە بەرژەوەندی پۆرتوگال گرت، بەڵام کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەکە نەیتوانی لێدانەکە گۆڵ بکات. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی فرمێسک لە چاوی دایکی بێتە خوارەوە.
دوای کۆتایی هاتنی 15 خولەکی یەکەمی کاتی زیاد کراوی یارییەکە، کاتێک رۆبێرتۆ مارتینێز راهێنەری پۆرتوگال خەریکی ئامۆژگاری کردنی یاریزانەکانی بوو، ئەو کاتە رۆنالدۆ لە ناو هاندەران چاوی بە دایکی دەکەوێت کە دەگریێت، بۆیە ئەویش کۆنترۆلی خۆی پێناکرێت و دەست بە گریان دەکات.
گریانەکەی دۆن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کاردانەوەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە، بەشێک پێیانوایە ئەو گریانە خۆ نواندنە و بەشێکی پێیانوایە رۆناڵدۆ کەسێکی هەستیارە بەرامبەر وڵاتەکەی.