هۆڵەندا گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی یۆرۆ 2024
لە بەردەوامی یارییەکانی قۆناغی شازدەی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024، هەردوو هەڵبژاردەی هۆڵەندا و رۆمانیا رووبەڕووی یەکتری بونەوە و لە کۆتاییدا هۆڵەندییەکان بوون توانیان یارییەکە بە ئەنجامی 3-0 ببەنەوە.
هۆڵەندا دوای ئەوەی توانی وەکو سێیەمی کۆمەڵەکەی سەرکەوێت بۆ قۆناغی شازدە، لەم قۆناغە رووبەڕووی رۆمانیا بووەوە، سەرەتا لە خولەکی 20 کۆدی گاکپۆ توانی گۆڵی یەکەمی هۆڵەندا بکات، نیوەی یەکەمیش بەم تاکە گۆڵە لە بەرژەوەندی هۆڵەندا کۆتایی هات.
هێرشبەرەکەی هۆڵەندا کۆی گۆڵەکانی لە یۆرۆی 2024 گەیاندە سێ گۆڵ و بە هاوبەشی لەگەڵ سێ یاریزانی دیکە، پێشەنگی گۆڵکارانی پاڵەوانێتیەکەی گرتووە، هەروەها گاکپۆ بووە شەشەم یاریزان لە مێژووی هۆڵەندا لە یەک یۆرۆ 3 گۆڵ بۆ هەڵبژاردەکەی بکات.
نیوەی دووەمیش یاریزانانی هۆڵەندا باشتربوون و دوای هاتنە ناوەوەی مالین، ئەو یاریزانەش لە خولەکەکانی 83 و 90 توانی دوو گۆڵی دیکە بۆ هەڵبژاردەکەی بکات و بلیتی قۆناغی چارەکی کۆتاییشی مسۆگەر کرد. مالین بووە یەکەم یاریزان لە یۆرۆ 2024 لە یارییەک دوو گۆڵ بکات، هەروەها بووە چوارەم یاریزانیش لە مێژووی پاڵەوانێتیەکە، وەکو یاریزانی یەدەک دوو گۆڵ لە یارییەکە بکات.
بەم شێوەیە هەڵبژاردەی هۆڵەندا توانی بە ئەنجامی 3-0 لە رۆمانیا بباتەوە و بلیتی قۆناغی چارەکی کۆتایی بەدەستهێنا، لەم قۆناغەش رووبەڕووی براوەی نێوان تورکیا و نەمسا دەبێتەوە.