رووماڵ

سەرۆک بارزانی گەیشتە بەغدا

پێشوازیکردنی سەرۆک بارزانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا (وێنە: بارەگای بارزانی)
پێشوازیکردنی سەرۆک بارزانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا (وێنە: بارەگای بارزانی)

سەرۆک بارزانی، بۆ جاری یەکەم دوای نزیکەی شەش ساڵ، بە سەردانێکی دوو ڕۆژە گەیشتە بەغدا؛ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە دەکات. 

کاتژمێر 11:20 خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-07-2024، سەرۆک مەسعود بارزانی بە یاوەری شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن محەممەد ئەلتەمیم و فواد حوسێن، جێگرانی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسە حکوومی و سیاسیەکانی عێراق پێشوازیی لێ کرا.

ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک بارزانی دەکات بۆ بەغدا پێکدێت لە: ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. عەرەفات کەرەم ستوونی، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی؛ ئازاد بەرواری و هێمن هەورامی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.  

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و لە شاری بەغدا، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و سیاسییەکانی عێراق دەکات و دیداری لەگەڵ سەرکردە سیاسیەکان دەبێت.

بە گوێرەی کارنامەی سەردانەکە، سەرۆک بارزانی ئەم کۆبوونەوانەی لە بەغدا دەبێت:

1.   لەگەڵ لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق.

2.   لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.

3.   لەگەڵ موحسین مەندەولاوی، سەرۆکی بە وەکالەتی پەرلەمانی عێراق.

4.   لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق.

5.   لەگەڵ بەرپرسانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.

6.   لەگەڵ بەرپرسانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە.

7.   لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی.

8.   لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادەی سوننە.

9.   لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدەومی سوننە.

10. لەگەڵ باڵیۆزانی ئەمەریکا، فەرەنسا، ڕووسیا، ئێران، بەریتانیا، تورکیا و باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی لە عێراق.

11. لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرس و سەرکردەی سیاسی و حزبی لە عێراق.

 

 

چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، یاسای نەوت و گاز، پرسی بودجە و چارەکردنی بنەڕەتی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک، دۆسیەی شنگال و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق؛ تەوەری گرنگی کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی دەبن لە بەغدا.

دوایین جار سەرۆک بارزانی سەردانی بەغدای کردبێت، ڕۆژی پێنجشەممە، 22ـی 11ـی 2018 بوو و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەوکاتی پەرلەمانی عێراق؛ هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسە سیاسی و ئیداری و ئەمنییەكانی عێراق پێشوازیی لێ كرا.

سەرۆک بارزانی ئەو کات لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق و زۆرینەی بەرپرسە سیاسی و حزبییەکانی عێراق کۆ بووەوە. سەردانەکە گرنگ بوو و توانی زۆرینەی کێشەکانی ئەو کاتی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بکات، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەم سەردانەش یەکلاکەرەوە بێت و چارەی هەموو ئەو کێشانە بکات کە ماوەی چەند مانگێکە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.