ڕێبوار بابکەیی: هەموو عێراقییەکان چاوییان لەسەردانەکەی سەرۆک بارزانییە
بەرپرسی لقی 10ـی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا سەردانێکی ئاسایی نییە بەڵکو ڕووداوێکی سیاسییە، چونکە عێراقییەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی دەبێتە دەرچەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
د. ڕێبوار بابکەیی، بەرپرسی لقی 10ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ بەغدا ڕووداوێکی سیاسی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، سەردانی سەرۆک بارزانی، سەردانێکی ئاسایی نییە بەڵکو ڕووداوێکی سیاسییە".
ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرۆک بارزانی پێگەیەکی گرنگی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و کوردستاندا هەیە، هەروەها کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ئاستی ناوچەکە و عێراق و کوردستان، ئەمڕۆ هەموو عێراقییەکان چاویان لەو ڕووداوە سیاسییە".
ڕێبوار بابکەیی دەشڵێت: "سەردانە فەرمییەکەی سەرۆک بارزانی، لەسەر داوای سەرکردەکانی هەماهەنگی شیعە و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە، چونکە عێراقییەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە، سەرۆک بارزانی بەشداری لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانە هەیە، جا چ پەیوەست بیت بە کوردستان یان عێراق و ناوچەکە دەبێتە دەرچەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
بەرپرسی لقی 10ـی پارتی جەختیکردەوە، "لەماوەکانی رابردوودا هەندێک هێزی شیعە هەوڵیان دەدا ڕۆڵی پارتی و سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو نەگیرێت، بەڵام ئێستا هەر خۆیان بەو بڕوایە گەیشتوون کە پێویستییان بە حیکمەت و فەلسەفەی سەرۆک بارزانییە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان."
بەگوتەی بابکەیی، "لە ساڵی 2013 لەسەر داوای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک بارزانی سەردانی باکووری کوردستانی کرد بۆ چارەسەرکردنی دۆزی پەکەکە و دۆزی کورد لە تورکیا، هەروەها زۆرجار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان ڕاوێژی پێکراوە."
ڕاشیگەیاند، "ئەمەریکییەکان، ئەورووپییەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لەسەرۆک بارزانی کردووە بە تێڕوانیینەکانی بەشداری لە چارەسەر کردنی ئەو قەیرانانە بکات کە لە عێراق هەیە".
ڕێبوار بابکەیی گوتیشی: عێراقیەکان بە شیعە و سوننەوە بەوە گەیشتوون، کە ئەگەر سەرۆک بارزانی لە گفتوگۆکانیاندا ئامادە نەبێت پرسەکان چارەسەر ناکرێت، بۆیە لەساڵی 2005، کە کاتێک حکوومەت و پرۆسەی سیاسیی تووشی ئاستەنگ دەبوو، ئەوە دەگەڕانەوە بۆ لای سەرۆک بارزانی بۆ ئەوەی ڕێگە چارەیەک بدۆزێتەوە بۆ کێشەکان.
هەروەها سەرۆک بارزانی دەمێکە گوتیەتی دەبێت سیستەمی حکومڕانی لە عێراق و وەرگرتنی بڕیاری سیاسیی لەسەر سێ بنچینە سەرەکی بێت، ئەویش "ڕێککەوتن، هاوسەنگی و هاوبەشی"ـیە. بۆ ئەوەی پێژهاتەکان بەشداری لە پرۆسەی سیاسی عێراق بکەن.
سەبارەت بە دۆخی شنگال، بابکەیی ڕوونی کردەوە، پرسی شنگال پرسێکی ستراتیجی و ئاڵۆزە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە ڕێککەوتنامەیەک هەیە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، ئەو ڕێککەوتنامەیە نەخشە ڕێگەی چارەسەرکردنی پرسی شنگالە، هەم لەڕووی ئەمنی و ئیداریی و سیاسیی و دیموگرافییەوە، بەڵام حکوومەتی عێراق و ئەوانەی بڕیاری سیاسییان بەدەستەوەیە هەولێان داوە ئەو ڕێککەوتنامەیە تا ئەو ساتەش جێ بەجێ نەکرێت، بۆیە ئێستا پێم وایە دوای سەردانی سەرۆک بارزانی، ئەو پرسە دەبێتەوە ڕۆژەڤ.