رووماڵ

سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆ بووەوە

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق (ڕاست) و سەرۆک بارزانی (چەپ)
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق (ڕاست) و سەرۆک بارزانی (چەپ)

سەرۆک بارزانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆ بووەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد.

دوای ئەوەی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-07-2024، سەرۆک مەسعود بارزانی بە یاوەری شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا؛ سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد.

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆک بارزانی و سوودانی؛ چارەکردنی کێشە هەڵپەسێرداوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا؛ پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، داڕشتنی پرۆژەیاسای نەوت و گاز؛ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی و چەندین پرسی دیکە تاوتوێ کراون.

سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا دوو ڕۆژ دەخایەنێت و بە گوێرەی کارنامەی سەردانەکە، ئەم کۆبوونەوانەی دەبێت:

1.  لەگەڵ لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق.

2.  لەگەڵ موحسین مەندەولاوی، سەرۆکی بە وەکالەتی پەرلەمانی عێراق.

3.  لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق.

4. لەگەڵ بەرپرسانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.

5.  لەگەڵ بەرپرسانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە.

6.   لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی.

7. لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادەی سوننە.

8.   لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدەومی سوننە.

9. لەگەڵ باڵیۆزانی ئەمەریکا، فەرەنسا، ڕووسیا، ئێران، بەریتانیا، تورکیا و باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی لە عێراق.

10. لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرس و سەرکردەی سیاسی و حزبی لە عێراق.

 

 

ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک بارزانی دەکات بۆ بەغدا پێکدێت لە: ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. عەرەفات کەرەم ستوونی، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی؛ ئازاد بەرواری و هێمن هەورامی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.  

دوایین جار سەرۆک بارزانی سەردانی بەغدای کردبێت، ڕۆژی پێنجشەممە، 22ـی 11ـی 2018 بوو و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەوکاتی پەرلەمانی عێراق؛ هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسە سیاسی و ئیداری و ئەمنییەكانی عێراق پێشوازیی لێ كرا.

سەرۆک بارزانی ئەو کات لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق و زۆرینەی بەرپرسە سیاسی و حزبییەکانی عێراق کۆ بووەوە. سەردانەکە گرنگ بوو و توانی زۆرینەی کێشەکانی ئەو کاتی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بکات، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەم سەردانەش یەکلاکەرەوە بێت و چارەی هەموو ئەو کێشانە بکات کە ماوەی چەند مانگێکە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە. 

بە ڤیدیۆ؛ کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا