محەمەد حەسەن ساعدی: سەردانەکەی سەرۆک بارزانی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا دروست دەکات
شرۆڤەکارێکی سیاسی عێراقی ئاماژە بەوە دەکات، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا وا دەکات قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بێتە ئاراوە و بۆچوونە جیاوازەکانی نێو ماڵی سوونەش بۆ دیاریکردنی سەرۆکێک بۆ پەرلەمانی عێراق لەیەک نزیک ببنەوە و کۆتایی بەو کێشەیەش بێت.
چوارشەممە (3ـی تەممووزی 2024)، محەمەد حەسەن سەعدی، شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد کە، سەردانەکە سەردانێکی زۆر گرنگە، چونکە ئێستا عێراق بە دۆخێکی نا هەموواردا تێدەپەڕێت و چەندنین ئالەنگاریی هەیە، دەڵێت، سەردانەکە دوو دۆسیە دەگرێتە خۆ، کە دۆسیەی ئەمنی و دۆسیەی ئابوورییە.
ئەو شرۆڤەکارە پێی وایە، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆچوونە جیاوازەکان لە یەکتر نزیک دەکاتەوە بۆ ئەوەی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان ڕێک بکەون، دەشڵێت، سەرۆک بارزانی هەوڵ دەدات گوتاریی سیاسیی بەرامبەر ئەو ئالنگاریانەی ڕووبەڕووی عێراق و هەرێمی کوردستان بووەتەوە یەک بخات ، گوتی، ئەو سەردانە لە کاتێکی گرنگدا کراوە و قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەست پێ دەکات و پێی وایە سەردانی سەرۆک بارزانی سەدا نەوت و نۆ چارەسەری کێشەکان دەکات و وادەکات کێشەکان وەلاوە بنرێن.
محەمەد ساعدی گوتی، سەرۆک بارزانی وەک چەترێك هەموو بۆچوونە جیاوازەکان بەیەکەوە کۆدەکاتەوە و نوێنەرایەتی پەیوەندییەکانی نێوان سووننە و شیعەکان دەکات، ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران یەک لە دۆسییەکانە کە پێویستە کێشەکانی نێو ماڵی سووننەی بۆ یەک بخرێت و کێشەکانی تایبەت بە پەرلەمان چارەسەر بکرێت، گوتی، سەرۆک بارزانی دەتوانێ کێشەکانی نێو ماڵی سووننە چارەسەر بکات و بۆچوونە جیاوازەکان لەیەکتر نزیک دبکاتەوەە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو کێشەیە بێت، هاوکات کەسێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرن.
شرۆڤەکارەکە گوتی، سەرچاوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کێشەی سیاسی نین، بۆیە چارەسەریی ئاسانە، دەڵێت، کێشەکان کێشەی تەکنیکییە، نەوەک سیاسی، بۆیە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکاتەوە، دەشڵێت، بە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی کێشەکان لە ئەمڕۆوە کۆتاییان دێت، لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆچوونەکان لە یەکتر نزیک دەکرێنەوە و چەندنین ڕێککەوتنیش لەنێوان لایەنەکان دێتە ئاراوە.
کاتژمێر 11:20 خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-07-2024، سەرۆک مەسعود بارزانی بە یاوەری شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن محەممەد ئەلتەمیم و فواد حوسێن، جێگرانی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسە حکوومی و سیاسیەکانی عێراق پێشوازیی لێ کرا.
ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک بارزانی دەکات بۆ بەغدا پێکدێت لە: ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. عەرەفات کەرەم ستوونی، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی؛ ئازاد بەرواری و هێمن هەورامی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و لە شاری بەغدا، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و سیاسییەکانی عێراق دەکات و دیداری لەگەڵ سەرکردە سیاسیەکان دەبێت.