ڕەحیم عەبودی: ئەو کەسانەی دەیانویست لە لێڵاودا مەلە بگرن، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بێدەنگیان دەکات

سەرکردەیەک لە ڕەوتی حیکمە لەبارەی کاریگەریی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ئاماژە بەوە دەکات  کە، سەرۆک بارزانی هەمیشە ڕۆڵی هەبووە لە کردنەوەی گرێ کوێرەکان و ئەمجارەش دەبێتە هەوێنی چارەی چەندین کێشە و ئالەنگاریی لە عێراق.

چوارشەممە، 3ـی تەممووزی 2024، ڕەحیم عەبودی، سەرکردە لە ڕەوتی حیکمە، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، سەردانی سەرۆک بارزانی  بۆ بەغدا، سەردانێکی مێژووییە دوای ماوەیەکی درێژ کە دەبێتە کرانەوەیەکی گەورە لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقدا. دەشڵێت، ئەو سەردانە لە بەرژەوەندیی باڵای عێراقە بۆ باشترکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان، دەشڵێت، ئەو سەردانە خاڵ دەخاتە کۆتایی ڕستەکان، بەتایبەت لە پرسەکانی تایبەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئەو سەرکردەیەی ڕەوتی حیکمە دەڵێت، کەرکووک و دۆسییەی کەرکووک و پارێزگار نابێت بەو شێوەیە بمێنێتەوە. دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ باشترین چارە بۆ ئەو کێشانە دەبینێتەوە. هاوکات پرسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ناکۆکی نێو ماڵی سووننە. ئەو گوتی: پێم وایە سەرۆک بارزانی کە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ لایەنەکانی سووننە هەیە و سووننەکان دان بە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی دادەنێن لە چارەکردنی کێشەکان. هەروا گوتی: بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە کاریگەریی لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە، بابەتی کۆبوونەوەکان دەبێت. ئەو سەرکردەیە گوتی: سەرۆک بارزانی ڕۆڵی لە کردنەوەی گرێ کوێرەکان دەبێت، لەگەڵ ڕێگریی کردن لە دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ کە سەروەری عێراق پێشێل دەکەن. لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بەیەکەوە کار دەکەن بۆ ڕێگریی لەو دەستووەردانانە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمشەو، ئەو سەرکردەیەی ڕەوتی حیکمە گوتی: کێشە هەڵپەسێدراوەکانی نێوان هەرێم و عێراق لە بابەتە سەرەکییەکان دەبێت و سەرۆک بارزانی لە ڕێگەی پەیوەندییە کەسییەکانی خۆی، بەتایبەت ئەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ عەممار حەکیم هەیەتی، کاریگەریی لەسەر سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەبێت بۆ ئەوەی بگەنە چارەی خێرا و لۆجیکی.
سەبارەت بەو هەستەی لای هاووڵاتییانی کوردی دروستبووە کە هەست بە ون بوونی سیاسی دەکەن، دەڵێت: ئەو کۆبوونەوەیە ڕاستەقینە و برایانە دەبێت لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە مێژوویانەی هەیان بووە، عێراق لەبەردەم ئالەنگاریی زۆر بووەتەوە.

ئەو سەرکردەیەی ڕەوتی حیکمە پێی وایە، لاپەڕەی ڕابردوو کۆتایی هاتووە، لاپەڕەیەکی نوێ بە سەردانی سەرۆک بارزانی هەڵدرایەوە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و عێراق. گوتی، ئەو کەسانەی دەیانویست لە لێڵاودا مەلە بکەن، ئەو سەردانەی سەرۆک بارزانی بێدەنگیان دەکات، دەشڵێت، داوامان لە سەرۆک بارزانی کرد سەردانی بەغدا بکات، چونکە سەرۆک بارزانی سیمبوڵێکی سیاسیی گەورەیە لە عێراقدا.

دەڵێت، ئێمە وەک ڕەوتی حیکمە پێمان وایە برا کوردەکانمان لە هەموو لایەک لە ئێمە نزیکترن، پێویستە لەگەڵ ئەوان کار بکەین بۆ دۆزینەوەی هاوکێشەیەکی سیاسی  بۆ ئەوەی عێراق ببووژێنینەوە و لە ڕووی ئابوورییەوە پێش بکەوین، دەڵێت، ئەو سەردانە، سەردانی دۆزینەوەی چارەی واقیعیە بۆ تەواوی کێشە یاسایی و دەستوورییەکان، دەشڵێت، هەرێمی کوردستان هەمیشە دەستپێشخەری دەکات.

کاتژمێر 11:20 خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-07-2024، سەرۆک مەسعود بارزانی بە یاوەری شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن محەممەد ئەلتەمیم و فواد حوسێن، جێگرانی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسە حکوومی و سیاسیەکانی عێراق پێشوازیی لێ کرا.

ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک بارزانی دەکات بۆ بەغدا پێک دێت لە: ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. عەرەفات کەرەم ستوونی، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی؛ ئازاد بەرواری و هێمن هەورامی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و لە شاری بەغدا، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و سیاسییەکانی عێراق دەکات و دیداری لەگەڵ سەرکردە سیاسیەکان دەبێت.